کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دووبارەی بەرپرسانی ڕێژیم لە ئیسرائیل

11:10 - 17 رێبەندان 2718

کوردستان میدیا: بەرپرسی باڵای شۆرای ئەمنیەتیی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران، لە هەمبەر درێژەپێدانی هێرشە نیزامییەکانی ئیسرائیل بۆ سووریه، هۆشداری داوە؛ به وتەی ئیسرائیل ئامانج لەو هێرشانە بنکەکانی سپای پاسداران و گرووپه شێعەکانی سەر به ڕێژیمی ئێرانە.

عەلی شەمخانی، بەرپرسی باڵای شۆرای ئەمنییەتی نەتەوەیی ڕێژیمی ئێران، لە وتووێژێکدا لەگەڵ وەلید موعەلم، وەزیری دەرەوەی سووریه، وێڕای ئاماژە به بەربڵاوبوونەوەی پێوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتە، بەڵێنی داوە که هەر وەک پێشتر کە لە بەرانبەر دژبەرانی ئەسەدەوە، لەگەڵ دمشق بوو، بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەم وڵاتە لە هیچ یارمەتی و ڕاوێژکارییەک درێغ نەکات.

ناوبراو لە قسەکانیدا، ئاماژەی به هێرشەکانی ئەم دواییانەی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجەکانی لە سووریە کردووە و ئەوەی به پێشێلکردنی سەروەریی نەتەوەیی ناو بردووە و هەڕەشەی لە ئیسرائیل کردووە، کە لە ئەگەری درێژەکێشانی ئەم کردەوانەدا، ڕێوشوێنی پێشبینیکراو بۆ بەرگری و وڵامی بەجێ بۆ دەسەڵاتدارانی درۆزن و جەنایەتکاری ئیسرائیل دەگرنە بەر".

لە لایەکی تریشەوە وەلید موعەلم، هێزە نیزامییەکانی ئێران، لە سووریەی به ڕاوێژکار ناو بردووە و وتوویەتی: کە ئەوان به بانگهێشتی سووریه و به مەبەستی بەهێزکردنی هێزە چەکدارەکانی ئەم وڵاتە بۆ دژایەتی لەگەڵ تێرۆریزم هاتوونەتە ئەم وڵاتە و دەوڵەتی سووریەش بۆ پاراستنیان خۆی به بەرپرسیار دەزانێت.

قسەکانی بەرپرسانی ئەم دوو وڵاتە لە حاڵێکدایە، که کوژرانی سەدان سپایی، بەسیجی و نیزامیی ئێرانی لە گۆڕەپانی شەڕ لە سووریەدا نیشان دەدات، کە ئەو هێزانە ڕاوێژکار نین و بە مەبەستی ئەنجامدانی عەمەڵیاتی نیزامی و پشتیوانی لە دەوڵەتی بەشار ئەسەد لەو وڵاتە نیشتەجێ بوونە.