کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی دیپلۆماتی مەحکوومکراوی ئێرانی بۆ تۆڵەکردنەوە

11:57 - 19 رەزبەر 2720

دیپلۆمات تێرۆریستی ئێرانیی موحاکمەکراو لە بێلژیک هەڕەشەی کردووە کە لە ئەگەری بە تاوانبار ناسینیدا گرووپگەلێکی نەناسراو عەمەلیاتی تۆڵەکارانە ئەنجام دەدەن.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز بڵاوی کردووەتەوە کە "ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" دیپلۆماتی ئێرانی کە بەهەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی کۆبوونەوەی یەکێک لە لایەنە دژبەرەکانی ڕێژیمی ئێران لە پاریس تاوانبارە و لە بێلژیک موحاکمە کراوە، هەڕەشەی کردووە کە ئەگەر بە تاوانبار بناسرێت، گرووپگەلێکی نەناسراو عەمەلیاتی تۆڵەکارانە ئەنجام دەدەن.

لە بابەتێکدا کە هەواڵدەریی ڕۆیتێرز ١٨ی ڕەزبەر بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە کە بەپێی بەڵگەیەکی پۆلیس، دیپلۆماتێکی ئێرانی کە لە بێلژیک بە بەرنامەداڕشتن بۆ دانانەوەی بۆمب بۆ کۆبوونەوەی گرووپێک لە ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمی ئێران لە فەرانسەدا تاوانبار کراوە، هۆشداریی داوە کە گرووپگەلێکی نەناسراو تۆڵەی بە تاوانبار ناسینی دەکەنەوە.

"ئەسەدوڵڵا ئەسەدی" کە کونسوولی سێیەمی باڵوێزخانەی ئێران لە ڤییەن بووە لەگەڵ ٣ کەسی دیکە، ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٨ لە بێلژیک بە تاوانبار ناسراوە.

بەرپرسانی فەرانسەوی وتوویانە کە ناوبراو بەرپرسی زانیارییەکان لە باشووری ئورووپا بووە و بە بڕیاری تاران جووڵاوەتەوە.

یەکێک لە وتەبێژانی دادستانیی بێلژیک سەبارەت بە قسەکانی ئەو دیپلۆماتە ئێرانییە وتوویەتی: "ئاوا هەڕەشەگەلێک ئەگەری هەیە کە ڕوو بدات، بەڵام ئێمە بەردەوام ڕێوشوێنی پێویستی ئەمنییەتی دەگرینە بەر".

ئەو هەڕەشەیەی ئەسەدی دەتوانێت بەڵگەیەک بێت بۆ تاوانباربوونی و نیشان دەدات کە هێزە تێرۆریستییەکان پاڵپشتیی لێوە دەکەن و ئەو پاڵپشتییەش بە پشتیوانیی ئێران ئەنجام دەدرێت.