کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیم بە هاتنە دەرەوە لە بەرجام، لە کاردانەوە بەرانبەر بە مێکانیزمی ماشە

18:47 - 1 خەرمانان 2720

نوێنەرانی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە کاردانەوە بەرانبەر بە ئەگەری چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە گەڵاڵەیەکی دوو فەورییەتییان پێشکەش بە مەجلیسی ڕێژیم کرد.

٤٩ نوێنەری مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بە نووسین و واژۆ کردنی گەڵاڵەیەکی دوو فەورییەتی داوایان کردووە کە لە ئەگەری چالاکبوونەوەی مێکانیزمی ماشە و گەڕانەوەی گەمارۆکان بۆ سەر ئێران، بە شێوەی خۆمەش  ڕێژیمی ئێران لە بەرجام بچێتە دەرەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی گەلاوێژ، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا پاش ڕەتبوونەوەی بڕیارنامەکەی بۆ درێژکردنەوەی گەمارۆی چەکوچۆڵی سەر ڕێژیمی ئێران، داوای چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشەی ناردە شورای تەناهیی نێونەتەوەیی.

لە ١٥ وڵاتی بەشدار لە شورای تەناهی، ١٣ وڵات دژ بە چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە بوون.

لە بەرانبەردا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا ڕایگەیاندووە: "بۆ چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان پێویستیمان بە ئیزنی کەس نییە و گرینگی بە ناڕازیبوونی کەس نادەین".

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا بە زۆرکردنەوەی گوشارەکان لەسەر ئێران لە هەوڵدایە کە گەمارۆکانی سەر چەکوچۆڵی ڕێژیمی ئێران بگەڕێندرێتەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و زۆربەی وڵاتانی ناوچە لەو باوەڕەدان کە کۆتاییهاتنی گەمارۆکانی چەکوچۆلی سەر ڕێژیمی ئێران و دووبارە نەبوونەوەی، دەبێتە هۆی دەستئاوەڵایی ڕێژیمی ئێران بۆ کرداری تێرۆریستی و کڕین و فرۆشتنی چەک بە گرووپە تێرۆریستییەکان.