کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڕەشەی ئەماکنی رێژیم لە دووکاندارانی شاری بانە

14:55 - 13 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: مەئموورانی ئەماکنی رێژیمی ئێران بە زۆر دووکان و بازاڕەکان بە خەڵکی کوردستان دادەخەن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا ڕوژی شەممە، ١٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاوی مەئموورانی ئەماکنی ڕیژیم لە شاری بانە بە سەردان بۆ دووکان و بازاڕەکان، هەوڵیان داوە کە بۆ خۆپیشاندانی ڕۆژی یەکشەممە، ١٣ی خەزەڵوەر، دووکان و بازاڕەکان بە خەڵکی ئەو شارە دابخەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا لە شاری بانە ڕایگەیاند: کە ئەم خۆپیشاندانانە بڕیارە لە شاری بانە لە فەلەکەی مروەتییەوە هەتا ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان کە ڕاستە شەقامێکی ٥٠٠ تا ٧٠٠ مەترییە، بەڕێوە بچێت.

ناوبراو هەروەها وتیشی: ڕۆژی ڕابردوو مەئموورانی ئەم ئیدارەیە داوایان لە دووکاندارەکانی ئەم شەقامە کردووە کە بۆ ڕۆژی یەکشەممە، کاتژمێر ٩ هەتا ١١، بازاڕ و دووکانەکانییان دابخەن.

هەواڵنێری کوردستان میدیا، ئەم شێوە کردەوە ئێجبارییانەی ڕێژیمی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە هیچ ساڵێک ئەم دووکاندارانە لەم ڕۆژەدا دووکانیان دانەخستووە؛ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بە مەبەستی فێڵ کردن لە میدیاکان ئەیانهەوێ پڕوپاگەندە بۆ خۆپیشاندانەکەی خۆیان بکەن و بڵێن کە خەڵک پشتیوانی لە ڕێژیمی ئێران دەکات.

چەند ڕۆژ لەمەوپێشیش زۆربەی ناوەند و دامودەزگاکانی ڕێژیم لە شارەکانی کوردستان بانگەوازی بەشداریی لە خۆپیشاندانی ۱۳ی خەزەڵوەریان ڕوو بە فەرمانبەرە کوردەکان بڵاو کردۆتەوە و ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری بەشداری نەکردنیان لە سەر کارەکانیان دەردەکرێن.