کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژارترمان مەکەن، بنبڕکردنی پێشکەشی خۆتان!

22:57 - 13 بانەمەڕ 2722

جاقل

هەواڵدەرییە حکومەتییەکان ئاشکرایان کرد کە هاوکات لەگەڵ هاتنی جێژنی ڕەمەزان یەکێکی تر لە پێداویستییە خۆراکییەکانی خەڵکانی ئێران کە بە یەکێکلە سەرەکیترین ماددە خۆراکییەکانیش دەژمێردرێ، لە شەوێکدا و لەناکاو نرخەکەی سێ قات زیادی کرد! ماکارۆنی؛ ئەو خواردنەی کە لە زۆربەی هەرەزۆری ماڵەکاندا لە ئێران بوونی هەیە و لەڕووی بێدەرەتانییەوە بووەتە یەکێک لە خواردنە سەرەکییەکان لە دانیشتنی ستادی بەناو ڕێکخستنی بازاڕ گران کرا لە ١٢٥٠٠ تمەن بۆ یەک کیلۆ کرا بە ٣٤٠٠٠ تمەن، سەرۆکی ئەنجومەنی ئاشەوانەکانی ئێرانیش مزگێنی داوە کە لەمەش گرانتر دەبێ!

ئەم گرانبوونەی ماکاڕۆنی هاوکاتە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی قسەکانی عەبدی ئیفتخاری، سەرۆکی ئەنجومەنی دانەوێڵەی ئێران کە وتوویەتی: ساڵی ڕابردوو نێونجی نرخی کیلۆیەک دانەوێڵە ٥٠ تا ٧٥ هەزار تمەن بووە بەڵام لە ئێستەدا نرخەکانیان ٧٠ تا ١٢٠٪ زیادیان کردووە و پێشبینیش دەکرێ تا کۆتایی ئەمساڵ دیسانەوە هەڵکشانی نرخ بە خۆوە ببینن.

گرانبوونی پەیتاپەیتای کەلوپەلە خۆراکییەکان و بەگشتی نرخی ژیان لە ئێراندا، کە بەتایبەتی چینەکانی خوارووی کۆمەڵگە بە ئێسک و پێستەوە هەستی پێدەکەن، لەکاتێکدایە کە ساڵی ڕابردوو جەنابی ڕەئیسی بڕیاری دابوو کە هەژاری ڕەها بنبڕ بکرێت و وەزیری بەناو کاری دەوڵەتی سێزدەیەمیش واتە حوجەتوڵا عەبدولمەلیکی ڕایگەیاندووە کە تا کۆتایی ئەمساڵ دەتوانین هەژاری بە تەواوی بنبڕ بکەین و چیدیکە لە ئێراندا بینەری تابلۆی لەبرسان مردن و هەژاری ڕەها و ڕێژەیی نەبین! ئەم پێکناکۆکییە لە نێوان قسە و باس و وادە و بەڵێنی بەرپرسان لەبەرامبەر نرخەکانی بازاڕ وای کردووە کە خەڵک لە ئێستەدا دەڵێن: " هەژارترمان مەکەن، بنبڕکردنی پێشکەشی خۆتان!"

هەرچەند ئەو قسەی جەنابی وەزیری بەناو کار هەندێ ڕاستیشی تێدایە؛ بەو واتایە کە بەڕاستی لە ئێراندا بەستێنی بنبڕکردنی هەژاری و نەهێشتنی ئەم دیاردە کۆمەڵایەتی – ئابوورییە هەیە! بەمەرجێک کە

حکومەتێکی خەڵکی لەسەر کار بێت نەک حکومەتێکی خۆفەڕزکەر بەسەر خەڵک
پارە و داهات و سامانی ئەم وڵاتە بۆ خزمەت بە خەڵک بێت نەک لە گیرفانی خەڵکەوە دەربهێندرێ و بۆ ئاوەدانی لوبنان و فەلەستین و عێراق سەرف بکرێ
مامۆستاکانی نەگیردرێن و قوتابییەکانیان فێری بیرکردنەوە و گەشەی عەقڵی بکرێن نەک ملکەچی و چاولەدەستبوون ببێتە وانەی قوتابخانەکانیان
نەبزی ئابووریی وڵات بە تاوانی مافویستی نەگیردرێ و لە زیندان نەخرێ و تۆمەتی ئەوەی وەپاڵ نەدرێ کە ئەمانە سەر بە ئیسڕاییل و دژمنانی ئێرانن
ئابووری لە حاڵەتی دەوڵەتیی دەربهێندری و دەرەتان بە گەشەکردنی کەرتی تایبەت بدرێ
هەل بۆ سەرمایەدانەرە بیانییەکان (هەڵبەت نەک چینی و ڕووسەکان) بڕەخسێندرێت تاکوو سەرمایەکانیان لەم جوغڕافیا بەڵالێدراوە بخەنە گەڕ و بە تۆمەتی سیخوڕبوون نەگیرێن
مالیات و باجی سەر بنکە و ناوەندە ئەمنیەتی و حکومەتییەکانی وەک ئاستانی قودسی ڕەزەوی و خاتەمولئەنبیا هەڵنەگیرێت و پارەی بەلێشاو نەخرێتە گیرفانی ئاخوند و ئاخوندزادەکان بۆ ئەوەی بتوانن لە وڵاتانی نەیار و دژمن بژین و دەرس بخوێنن.

و ......

ئەمانە تەنیا چەند مەرجێکی سەرەتایین کە ئەگەر جێبەجێ بکرێن بە دڵنیاییەوە بەستێنی گەشەی ئابووری و لە سێبەری ئەویشدا بواری کەمبوونەوەی گرفتە ئابوورییەکان خۆش دەبن و ئەگەری بنبڕکردنی دیاردە خەسارهێنەرە ئابوورییەکانی وەک هەژاری و گرانی دێتە ئاراوە بەڵام هەتاکوو ئەم مەرجە ئاساییانە نەخرێنە بواری کردەییەوە بەدڵنیاییەوە نەک هەژاری بنبڕ نابێت بەڵکوو دەبێ بەردەوام شاهیدی بەرزبوونەوەی نرخەکان، داخرانی زیاتری یەکە پیشەییەکان، بێکاربوونی زیاتر و گرانی هەوسارپچڕاوی زیاتر لە بازاڕەکان بین.