کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری داوێنی هەموو توێژەکانی گرتووە

13:31 - 11 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: دۆخی نالەباری ئابووری لە ئێراندا، ئێستاکە بەرۆکی خانەنشینکراوانیشی گرتووەتەوە و ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ زیاتر هەژاری پەرە دەستێنێت.

لە کاتێکدا کە تێچووی مانگانەی بنەماڵەی کرێکارێک کە تەنیا یەک منداڵی هەبێت، بڕە پارەیەکی ٦ ملیۆن و ٤٨٠ هەزاری لەخۆ دەگرێت، هەواڵدەریی "ئیلنا"ی سەر بە ڕێژیم، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە بڕیارە مووچەی کرێکارێک کە تەنیا یەک منداڵی هەیە، بگاتە ٢ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تمەن لە مانگێکدا، کە بەم پێیە تێچووی ژیانی کرێکارێک لە مانگدا ٤ ملیۆن و ٢٨٠ هەزار، کەمی دێنێت.

لە لایەکی تریشەوە، لەم ڕاپۆرتەدا باس لەوە کراوە کە خانەنشینکراوان لە مانگێکدا ٤ ملیۆن و ٧٨٠ هەزار تمەن کەمیی مووچەیان هەیە؛ ئەمە لە حاڵێکدایە کە ئەوان بە هۆی پیر و پەککەوتەبوون و تێچووی پزیشکی و دەرمانەوە، پێویستی زۆریان بەو پارەیە هەیە و ئەمە هەژارییەکی دووقات بە سەریاندا دەسەپێنێت.

نەبوونی کار و هەژاری، بەتایبەت توێژی بەساڵاچوو و خانەنشینکراوی تووشی کێشەی جیددی کردووە. بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی خودی ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوودا، ٤٦٤ هەزار دەرفەتی کاری نافەرمی لە ئێراندا دروست کراوە کە هەمووی ئەم رێژەیە بەبێ بیمەی کار و خانەنشینکراوی، مورەخەسیی دەرمانی و تەنانەت گرێبەستی کار بەڕێوە دەبرێن و هیچ ڕێوشوێنێک بۆ وەرگرتنی پارەی کاریشیان بۆ دیاری نەکراوە.

ئەگەرچی ئامارێکی فەرمیی بڵاوکراو سەبارەت بە کارە نافەرمییەکان لە ئێراندا بوونی نییە، بەڵام بەپێی بەراوردە ئامارییەکان، ٣ و نیو ملیۆن کەس لە ئێراندا بە شێوەی نافەرمی و بەبێ کەمترین مافێکی کارکردن، چالاکن.

"عیسا مەنسووری"، جێگری گەشەی کارئافەرینی، هۆکاری سەرەکیی گەشەی کارە نافەرمییەکانی بۆ داڕمان و کەمبوونەوەی گەشەی ئابووریی ئێران گەڕاندووەتەوە.

کێشەی ئابووری یەکێک لە گرینگترین کێشەکانی ئێستای ئێرانە و زۆربوونەوەی کار و پیشە نافەرمییەکان بە هۆی نەبوونی کاری فەرمی و دانەمەزراندی کەسانی شارەزا و پسپۆڕ لە بوارە جیاوازەکاندا، ئابووریی ئێرانی زیاتر لە جاران تووشی داڕمان کردووە و تاکەکانیش ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کێشەکانیان زیاتر دەبێتەوە و هێڵەکانی هەژاری تێپەڕ دەکەن.