کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری لە دەوڵەتی "تەدبیر و ئومید"دا هیوای لە خەڵک بڕی

18:30 - 24 جۆزەردان 2720

بەپێی ناوەندی توێژینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی تاران، ڕێژەی هەژاری لە ساڵی ٩٨دا ڕیکۆردی شکاندووە و بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیە، ١٨.٤ لەسەدی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.

بەپێی ئەو ئامارە، کەمترین ڕێژەی هێڵی هەژاری تایبەتە بە ساڵی ٩٠ی هەتاوی کە ١٥.١ لەسەدی کۆمەڵگا لەژێر هێڵی هەژاریدا بوونه.

هەژاریی تەواو، بە مانای نەبوونی لانیکەمی داهاتی ستاندارد بۆ ژیانه. بێبەشی لە کەمترین پێداویستییەکانی ژیان پێی دەوترێت "هەژاریی تەواو" کە ئەوەش بەپێی جیاوازییەکانی ژیان لە ناوچە جیاوازەکانی ئاستی ئێراندا دەگۆڕدرێت.

مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بڵاوی کردەوە، هەتا کۆتایییەکانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بە هۆکاری بارودۆخی نالەباری ئابووری، زیاتر لە ٤۰ ملیۆن کەس بە تەواوەتی دەکەوێتە ژێر هێڵی هەژارییەوە.

لەم ساڵانەی دواییدا هەڵکشانی ڕێژەی هەڵاوسان بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی سەرسووڕهێنەری هەژاری لە شارەکانی کوردستان و ئێراندا.

هەژاری و بێکاری لە ئێران، ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر ڕوویان لە هەڵکشانە و ڕێژیم نەتەنیا ناتوانێت ئەم قەیرانانە کۆنترۆڵ بکات، بەڵکوو سیاسەتیشی پەرەپێدانی ئەم قەیرانانەیە.