کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری لە ئێراندا هێڵی سووری بەزاند

13:17 - 25 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: هەژاری لە وڵاتی ئێراندا هێڵی سووری بەزاند و بەپێی بەراوردەکان لە ساڵی ۹۸ی هەتاویدا، لە سنووری زیاتر لە ۷۱ لەسەد تێپەڕ دەبێت.

لە وڵاتێکی وەکوو ئێران، کە بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکانی ساڵانی پێشووتری خودی ڕێژیم، ڕێژەی دانیشتووانی ئەو وڵاتە زیاتر لە ۸۰ میلیۆن کەسە و بە یەکێک لە وڵاتانی دەوڵەمەند لە بواری سەرچاوەی کانگا سروشتییەکان، بەرهەمهێنانی میوە و بەرهەمەکانی کشتوکاڵی و هتد هەژمار دەکرێت، هاوکات بە هۆی سیاسەتە ئاژاوەگێڕانەکانی دەسەڵاتی ڕێژیمی زاڵ بەسەر ئەو وڵاتەدا، لە بواری دیاردە کۆمەڵایەتییە مەترسیدارەکانی وەکوو: هەژاری، بێکاری، تەڵاق، خۆکوژی، تووشبوون بە مادە هۆشبەرەکان، منداڵانی کار و هتد، لە بەرزترین پلەکاندا لە نێو وڵاتانی جیهانە.

لەم پەیوەندییەدا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران، لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ئاکامی لێکۆڵینەوەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە، ڕایگەیاندووە، تاکوو کۆتایییەکانی ساڵی ۱۳۹۷ی هەتاوی، بە هۆکاری بارودۆخی نالەباری ئابووری و پەرەسەندنی زیاتر لە ٤۷ لەسەد هەڵاوسانی ئابووریی وڵات، زیاتر لە ٤۰ میلیۆن کەس، کە ۵۰ لەسەدی دانیشتووانی وڵاتی ئێران دەگرێتەوە، بەتەواوەتی لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون و توانایی کڕینی شتومەک و پێداویستییەکانی ژیانیان نەبووە.

لە درێژە ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە: بەڵام بەپێی لێکۆڵینەوە و بەراوردە بەراییەکان، لە ساڵی ۱۳۹۸ی هەتاویدا، بە هۆی پەرەسەندنی خێرای هەڵاوسانی ئابووری و قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئێران، زیاتر لە ۵۷ میلیۆن کەس کە زیاتر لە ۷۱ لەسەدی خەڵکی ئەو وڵاتە دەگرێتەوە، لە ژێر هێڵی هەژاریدان و بەم بۆنەشەوە ئەرکێکی گرینگی حکوومەتە کە پێداویستییەکانی ژیان دابین بکات و یارمەتیی ئەو خەڵکە هەژارە بدات.

هەر لەم پەیوەندییەدا، ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیم، پیشنیاری بە دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئەو ڕێژیمە کردووە، کە لە پرۆژەیەکدا بۆ یارمەتیدانی خەڵکی هەژاری ئەو وڵاتە، کارتێکی ئەلێکترۆنیکی تایبەت دروست بکات و بڕی ۸ میلیۆن دۆلار بۆ ئەو پرۆژەیەش دابین بکات.

پژۆرە پیشنیارکراوەی دروستکردنی کارتی ئەلێکترۆنیکی لە لایەن مەجلیسی ڕێژیمەوە، تەنیا ئەو شتومەک و کەرەستە ناپێویست و سەرەتاییانەی لە خۆی دەگرێت کە بارکۆدی ئابووریی حکوومەتی ڕێژیمیان لەسەرە و ئەو کەسانەش کە ئەو کارتە وەر دەگرن، تەنیا لە فرۆشگا گەورە حکوومەتییەکاندا دەتوانن بەکاری بهێنن، کە کارتخۆێنێکی ژمارەداری ناوەند و بانکەکانی سەربە ڕێژیمەیان لێیە.

ئەگەرچی لە ساڵانی ڕابردوودا بە هۆکاری سیاسەتە گڵاوەکانی ڕێژیمی ئێران و گەمارۆوە ئابوورییەکانی سەر ئەو ڕێژیمە لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، قەیرانە نێوخۆیییەکان سەریان هەڵدابوو، بەڵام لە ساڵی ۹۸ی هەتاویدا بە هۆی پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزی و گرژییەکانی نێوان ڕێژیمی ئێران و ئامریکا، ڕێژەی قەیرانە نێوخۆیییەکانی ئەو وڵاتەی بەرزتر بووەتەوە و ڕێژەی هەژاری لە نێوان خەڵکی ئێراندا ڕۆژبەڕۆژ ڕووی لە زیادبوون کردووە.