کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری و برسیەتی لە ئێراندا هەموو هێڵێکی بەزاندووە

15:55 - 12 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: باری نالەباری ژیانی خەڵک لە ئێراندا بە هۆی دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە، بووەتە هۆی ئەویکە خەڵک لە کاتی لێقەوماویدا بە جێگای یارمەتی دان، دزی لە یەکتری بکەن.

ڕۆژانە هەواڵی بەرزبوونەوەی گرانیی کەلوپەڵ و خۆراک لە ئاستی ئێراندا بەردەوام بڵاو دەبێتەوە و کاربەدەستانی ڕێژیمیش هیچ هەنگاوێک ناگرنە بەر.

لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنە و ویدیۆی جیاواز لە ئاستی کوردستان و ئێراندا بڵاو دەبێتەوە کە کاتێک ماشێنێکی بارهەڵگری میوە، خوارک یا کەلوپەلی دیکەی ناوماڵ لە ڕێگاکاندا تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت، خەڵک هێرش بۆ سەر ماشێنەکە دەبن و کەلوپەلەکەی زەوت دەکەن.

ئەو ڕووداوانە دەرخەی ئەوەیە کە برسیەتی و هەژاری لە ئێراندا هەتا چ ئاستێک بەرز بووەتەوە و دۆخی ژیانی خەڵک لە چ ئاستێک دایه.

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووشدا گۆشت هەتا ڕادەیەک نرخی بەرز بووەتەوە کە لە شارەکانی ئێراندا خەڵک نۆرەی دەگرنەوە هەتا گۆشتیان وەبەر بکەوێت.

 ئەم ڕووداوە و هەزاران ڕوداوی لەم چەشنە، ئاکامی سەرەڕۆیی، سیاسەتی هەڵە و نەزانکاریی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێرانە، کە ٤٠ ساڵە لە ئێراندا بە تاڵانکردن و بەفێڕۆدانی سامان و داهاتی خەڵکی ئێران پەرە بە دەسەڵاتی خۆیان دەدەن و ئەو سامانە ژێرزەوی و ڕووزەوییانەی کە دەبوایە بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانیی ئەو خەڵکە تەرخان بکرایە، لە ڕێگای کاری تێرۆریستی و تێکدەرانەوە خەرج دەکرێت.