کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری و هەڵاوسان لە ئێراندا پەرە دەستێنێت

12:53 - 22 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: ڕەوتی ڕوو بە هەڵکشانی هەڵاوسان و کاریگەرییەکانی لەسەر زۆربوونەوەی هەژاری لە نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگادا وای کردووە، کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ، هێزی کڕینی کەم بێتەوە.

چاوەڕوانییەکان لە هەڵاوسان و هەروەها زۆربوونەوەی ئاستی نەختینەیی لە هۆکارەکانی هەڵاوسانن و ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی کە چینی مامناوەندی کۆمەڵگا کە مووچە وەر دەگرن و داهاتێکی نەگۆڕیان هەیە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ هیزی کڕینیان کەم بێتەوە و هەژاریی ئەم چینەی لێ بکەوێتەوە.

لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا، نرخی دارایی پەتیی تیپی تەمەنیی ٦٥ ساڵ زیاتر لە ٦٠ لەسەد زیادی کردووە، ئەمە لە حاڵێکدایە که نرخی دارایی پەتیی تیپی تەمەنیی خوارەوەی ٤٥ ساڵ، زیاتر لە ٣٠ لەسەد کەمی کردووە

پێشتر کەماڵ تەیبی، ئەندامی هەیئەتی زانستیی زانکۆی ئێسفەهان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی حکوومەتیی ئیسنا بە ئاماژه به گەڵاڵەی پشتیوانییەکان ڕایگەیاندبوو: سەبەدی کاڵا یا بەستە پشتیوانییەکانی دیکە لەم دۆخە ئابوورییەدا وەکوو دەرمانی هێورکەرەوەیە و ناتوانێت هیچ چارەسەرییەکی بنبڕکەری بۆ دیاردەی هەژاری بێت. ڕاستی ئەمەیە کە تا کاتێک لە بیاڤی هەژاریدا ڕێفۆرمی ساختاری ڕوو نەدات، هیچ کارێک ناکرێت.

هەر لەم پێوەندییەدا، سەلمان خودادادی، بەرپرسی کۆمسیۆنی کۆمەڵایەتیی مەجلیسی ڕێژیم ڕایگەیاندووە: دۆخی نوێ بووەتە هۆی ئەوەی کە ئەوانەی ژیانێکی مامناوەندیان هەبووە، بکەونە ژێر هێڵی هەژاری کە ئەمە دەبێتە هۆی نەمانی چینی مامناوەند و  لە ئاکامدا مەودای نێوان چینی هەژار و چینی سەرمایەدار زیاتر بێتەوە.

هەنووکە داهاتی خەڵک بە نیسبەت پێشوو یەک لەسەر سێ کەمی کردووە و هێزی کڕینیش بەو نیسبەتە کەمی کردووە، کەوابوو ڕێژەی ئەوانەی کە لە ژێر هێڵی هەژاریدان زیاتر بووەتەوە و ئەوانەی کە زیاتر لە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن داهاتیان هەیە، لە ژێر هێڵی هەژاریدان و ئەوانەی کە پێشتر ٧ میلیۆن تمەن داهاتیان هەبووە و خاوەن ژیانێکی ئاسوودە بوون. لە دۆخی ئێستەدا داهاتیان گەیشتووەتە ٢ میلیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن، واته یەک لەسەر سێ کەمی کردووە و ئەم کەسانەش ئێستە لە ژێر هێڵی هەژاریدان.