کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاری و چارەڕەشیی خەڵک لە ئێران هەروا پەرە دەستێنێت

13:27 - 14 پووشپەڕ 2720

ڕۆژنامەی ''لۆمۆند''ی فەرانسە، لە ڕاپۆرتێکدا بەنیسبەت دۆخی ئابووریی ئێران ڕایگەیاند کە نرخی بێکاری لە ئێران ٣٧ لەسەد بەرز بووەتەوە و خەڵک لە دۆخیکی نالەباردا ژیان بەسەر دەبن.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە گرانی بووەتە هۆی ئەوەی کە گۆشت و میوە لەسەر سفرەی چینی مامناوەند نەمێنێت، چونکە نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان و کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو لانیکەم ٢ بەرابەر بەرزتر بووەتەوە.

هەروەها ڕۆژنامەی ''لۆمۆند'' بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی لێکۆلینەوەی مەجلیسی ڕێژیم نووسیویەتی کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەنیوان ٢.٥ هەتا ٦.٥ ملیۆن کەس کاروکاسبیی خۆیان لەدەست داوە و بەم هۆیەوە نرخی بێکاری لە ئێران بۆ ٣٧ لەسەد بەرز بووەتەوە.

دۆخی ئابووریی ئێران ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ خراپتر و دژوارتر دەبێت و گرانیی لەڕادەبەدەر خەڵکی خستووەتە ژێر گووشاری ڕۆحی و ڕەوانی، لەلایەک نرخەکان بە شێوەی سەرسووڕهێنەر بەرز دەبێتەوە و لەلایەکی تر داهاتی خەڵک هەروا دادەکشێت.

گەشەی ئابووریی مەنفی، هەڵاوسان، مەندیی ئابووری، بێکاری، داخرانی یەک لە دوای یەکەکانی کار و کاسبییەکان و دەرکردنی کرێکاران و لە هەمووی گرینگتر کەلێنی چینایەتی لەو نەهامەتییانەن کە خەڵک بەهۆی دەسەڵاتی گەندەڵی ئێرانەوە لەگەڵی بەرەوڕوون.