کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەژاریی لەڕادەبەدەری خەڵکی تیکاب، سەرەڕای بوونی گەورەترین کانگای زێڕ

12:20 - 24 پووشپەڕ 2720

سەرەڕای بوونی ٢ کانگای گەورەی زێڕ و ٥٩ کانگای بەرد لە شارستانی تیکاب، ئەم شارستانە لە هەموو بوارەکانی خزمەتگوزاری و گەشەسەندن پەراوێز خراوە و خەڵکی ئەو ناوچەیە چەندین ساڵە لەگەڵ هەژاری دەست و پەنجە نەرم دەکەن.

شارستانی تیکاب، شارستانێکی دەوڵەمەندی کوردستان و سەرتاسەری ئێرانە کە دوو کانگای گەورەی زێڕ لە ناوچەکانی "ئاق دەڕە" و "زەڕشۆران"، زیاتر لە ۵۰ کانگای گەورەی بەردنما و بەردە زینەتییەکان و زۆرترین کانگاکانی تری تێدایە، بەڵام بەرپرسانی ڕێژیم تەنیا کانگاکانی ئەو شارستانە بە تاڵان دەبەن و لە هیچ بوارێکەوە گرینگی بە بارودۆخی ئەو شارستان و ناوچەکانی نادەن.

لە ئێستادا ٤٠ لەسەدی زێڕی کەڵەکەکراو و ٥٠ لەسەدی سەرجەم پاشەکەوتی زێڕی ئێران لە شارستانی تیکاب هەڵکەوتووە، بەڵام ئەو شارستانە لە ژێرخانەکانی گەشەکردن لە بوارەکانی ڕێگاوبان، تەندروستی، پەروەردە و هەلی کار و... بێ بەهرەیە.

بێکاریی لەڕادەبەدەر، داهاتی کەم و هاوکات جێگرتنی ئەو شارستانە لە ئاخرین پلەکانی پێوەری گەشەکردن لە ئێران، پشکی خەڵکی ئەو شارستانەیە کە گەورەترین کانگای زێڕی لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

زێڕ و سەرچاوەکانی دیکەی شارستانی تیکاب بە شێوەی خاو لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە بە ناوی پارێزگا فارسنیشنەکانەوە لە بازاڕەکانی ئێران و دەرەوە بڵاو دەکرێتەوە.

هەروەها ڕێژیمی ئێران لە تەرخانکردنی مافی ١٥ لەسەدیی کانگاکان بەو شارستانە خۆی بواردووە کە بووەتە هۆی دواکەوتوویی و هەژاریی خەڵکی تیکاب.

نرخی بێکاری لە تیکاب ١٣ لەسەدە و ئەم شارستانە بە یەکێک لە دواکەوتووترین شارەکانی ئێران دێتە ئەژمار و لە نێوان دواکەوتووترین شارەکانی ئێراندا لە پلەی ۳۱دایە.