کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەکێرەکانی ئێران و ڕووسیە بۆ هێرشی سایبێری پێکەوە هاوکاری دەکەن

11:41 - 29 رەزبەر 2719

کوردستان میدیا: هەکێرەکانی ڕووسیە بۆ ونکردنی شوێن پێی خۆیان لە هێرشە سایبێرییەکانیان بۆ سەر ٢٠ وڵاتی دنیا، لە هەکێرە ئێرانییەکان و کەرەستەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە و بەرپرسانی ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران تا ئێستا، بەرانبەر بەم باسانە بێدەنگن.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٩ی ڕەزبەر، هەواڵدەریی "ڕویتێرز" بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لە لەندەن ڕایگەیاندووە کە هەکێرەکانی ڕووسیە لە کەرەستەکانی هەکێرە ئێرانییەکان بۆ داپۆشینی هێرشە سایبێرییەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە.

تا ئێستا ئاشکرا نەبووە کە هەکێرە ڕووسییەکان بە ئاگاداریی هەکێرە ئێرانییەکان لە کەرەستەکانیان کەڵکیان وەرگرتووە یان بە شێوەی سەربەخۆ.

بەرپرسانی بریتانیا و ئامریکا هەواڵی ئەو هێرشە سایبێرییانەیان پشتڕاست کردووەتەوە.

هەروەها دەوترێت کە هەکێرە ڕووسییەکان بە کەڵکوەرگرتن لە کەرەستەکانی ڕێژیمی ئێران، هێرشی سایبێرییان کردووەتە سەر ناوەندە دەوڵەتییەکان و دامەزراوە پیشەییەکانی ٢٠ وڵاتی جیهان.

ئەم گرووپە لە هەکێرە ڕووسییەکان کە ناوی "تۆرێلا"یە، کاری سیخوڕیی سایبیری دەکات و وڵاتگەلی چێک و ئستۆنی، ئەو گرووپەیان تاوانبار بە سیخوڕی کردووە.

هەروەها ڕایانگەیاندووە کە ئەم گرووپە لەژێر فەرماندەهیی سرویسی ئەمنییەتیی فێدێراڵی ڕووسیە ناسراو بە (FSB) چالاکی دەکەن.

"ڕویتێرز" هەروەها بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو گرووپە بە هاوکاریی هەکێرە ئێرانییەکان بە ماوەی ١٨ مانگ لە ٢٠ وڵاتی دنیادا درێژەیان بە چالاکییەکانیان داوە.

گرووپی "تۆرێلا"، بە هاوکاریی گرووپێک بە ناوی "APT34" کە دەوترێت لە خزمەتی ڕێکخراوە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمی ئێراندا چالاکی دەکات، ئەو هێرشە سایبێرییانەی ئەنجام داوە.