کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاتنی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەردەوامە

12:24 - 16 خەرمانان 2718

کوردستان میدیا: لە سنووری سێرۆی ورمێ، مۆرەیەکی سەر بە ڕێژیمی ئێران وێڕای بڕە پارەیەکی زۆر کە ویستوویەتی لە ئێران هەڵبێت، دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، کەسێکی سەر بە ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران کە بڕی ٨٠٠ میلیارد تمەن پارەی نەختی پێ بووە و ویستوویەتی لە سنووری سێرۆ بڕواتە وڵاتی تورکیە دەسبەسەر کرا.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەو بارەوە گوتی: "ئەو مۆرەیەی سەر بە ڕێژیم ٨٠٠ میلیارد تمەن پارەی نەختی پێ بووە کە ئەو پارەیەش هی شارەوانیی ورمێ بووە".

هەر لەو پێوەندییەدا، هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا باسی لەوە کردووە کە دوو ئەنباری برنجی قۆڕغکراو کە زیاتر لە ٢ هەزار تۆن برنجی تێدا بووە دەستی بەسەردا گیراوە؛ ئەو ئەنبارە هی "محەممەد حەزرەت پوور" شارەداری ورمێ بووە کە بەمەبەستی ئێحتکار کەلکی لێوەرگیراوە.

هاوکات پێشنوێژی شاری خۆی کە ٥٠ کیلۆ زێڕی پێ بووە و ویستوویەتی بڕاوتە تورکیه دەسبەسەر کراوە.

هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لە شاری خۆی، ڕۆژی ٢٦ی گەولاێژی ١٣٩٧ی هەتاوی ڕایگەیاند، "موەئید حوسێنی سەدر" بەناو نوێنەری پێشووی شاری خۆی لە مەجلیسی ڕێژیم، ویستوویه لە سنووری "ڕازیـ"ـی ئەو شارە بەرەو تورکیە هەڵبێ .ئەو بەرپرسەی ڕێژیم بە میلیۆنها دۆلار پارەی نەختی پێبووە کە لە لایەن هێزەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراوە.

 لە دوای تێکچوونی دۆخی سیاسی و ئابووریی ڕێژیمی ئێران، بەرپرسانی پلەبەرزی ئەو ڕێژیمە، بە سنوورەکانی پارێزگای ورمێدا هەڵدێنە وڵاتانی دراوسێ و بەهۆی ئەوەیکە بەرپرسانی ئیتلاعاتی لەو دزییانە پشکدار ناکەن لە نیزیک سنوورەکاندا دەگیرێن.