کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسان لە ئێران گەیشتووەتە ٣٥١%

10:14 - 10 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: بەپێچەوانەی ئامارەکانی ڕێژیم سەبارەت بە ڕێژە و نرخی هەڵاوسان لە ئێران، مامۆستایەکی زانکۆی جانز هاپکینز دەڵێ هەڵاوسان لە ئێران ٣٥١%ە.

مامۆستای بەناوبانگی ئابووریی لە زانکۆی جانز هاپکینزی ئامریکا، پرۆفسۆر ستیڤ هانکێ لە نوێترین تویتی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی ئابووریی ئێرا و ئاستی هەڵاوسان لەم وڵاتە ئاشکرای کردووە کە نرخی هەڵاوسان ٣٥١%ە.

ناوبراو لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵدا پیشبینی دۆخی شپرزی ئابووریی ئێرانی کردبوو و لە وتووێژ لەگەڵ دەنگی ئامریکا وتبووی: "خەڵکی ئێران دەزانن کە هەڕەشە و جێبەجێ کردنی تەحریمەکان بەواتای هاتنی شەپۆلێکی دیکە لە کەمی بودجەی وڵاتەکەیانە و تەنیا ڕێگە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەم کەمایەسییە چاپ کردنی پارەی نوێیە؛ بەسەرنجدان بەوەیکە تەحریمەکان دەس پێدەکەنەوە، خەڵک لە هەر دەرفەتێک کەڵک وەردەگرن تاکوو ڕیاڵ بگۆڕنەوە بە زێڕ و دۆلار یان تەنانەت شەکر و ئارد! هەر بەم هۆیەوە هەڵاوسان لە ئێراندا دەگاتە چڵەپۆپەی خۆی".

لە مانگی پووشپەڕی ئەمساڵیشدا سندووقی نێونەتەوەیی دراو لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد کە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا پلەی یەکەمی هەڵاوسانی هەیە و لە ئاستی جیهانیشدا پلەی دووهەم، واتە لە پاش زیمبابوێ بەرزترین نرخی هەڵاوسان هی ئێرانە.

بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر نرخی شتومەک و کەلوپەلەکانی ژیان و خزمەتگوزارییەکان دادەنێت و بەرەبەرە ئاستی بەرهەمهێنان دادەبەزێنێت و گرانی بەدیاری دێنێت؛ هەروەها دەبێتە هۆی داخرانی یەکە و کارخانە پیشەسازییەکان و پەرەسەندنی بێکاریی زیاتر، ئەمەش لە چەند حەوتووی ڕابردوودا و لە بەرەبەری دەسپێکی تەحریمە نوێیەکانی ئامریکا بەتەواوەتی خۆی دەرخستووە.

سیاسەتە ئابوورییە هەڵەکانی ڕێژیمی ئێران و دووپاتبوونەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێژیمی ئێران و لاوازبوونی سیستمی بانکی و کەمبوونی پارەی نەخت، بارودۆخی ئابووریی ئێرانی گەیاندووەتە ئاستێک کە وەک دەڵێن لە سنووری هۆشداری تێپەڕیوە.