کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵاوسان لە ئێراندا ڕوو لە هەڵکشانە

14:11 - 9 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: کاربەدەستێکی پلەباڵای سندووقی نێونەتەوەیی پارە، باسی لە هەڵکشانی٤٠ لەسەدیی نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا کردووە.

ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بانەمەڕ، هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لە زاری "جەهاد ئازوەر"ەوە، بەڕێوبەری بەشی "ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیای ناوەندیـ"ـی سندووقی نێونەتەوەیی پارە، بڵاوی کردووەتەوە، کە ڕەوتی هەڵکشانی هەڵاوسان لە ئێراندا لە ئەمساڵدا، ٤٠ لەسەد و ڕەنگە زیاتریش دەگات.

لە ڕاپۆرتی ساڵانەی ئەو دامەزراوەیەدا، گەشەی ئابووریی ئێران مەنفیی شەش لەسەد و نرخی هەڵاوسان ٣٧ لەسەدی خەمڵێندراوە.

ئازوەر باسی لەوە کردووە، کە هۆکاری ئەو دۆخە بۆ دووپاتبوونەوەی گەمارۆوەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا، بۆ سەر ڕێژیمی ئێران دەگەڕێتەوە.

ناوبراو وتوویەتی: دووپاتبوونەوەی گەمارۆوە ئابوورییەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران و بەتایبەت ڕاگرتنی درێژکردنەوەی ماوەی لێخۆشبوون لە کڕیارانی نەوتی ئێران، بێگومان ئابووریی ئەو وڵاتە، لەگەڵ مەندیی زیاتر و هەڵکشانی نرخ لە بازاڕەکاندا بەرەوڕوو دەکات.

هەر لەو پێوەندییەدا، چاوەدێرانی ئابووریی باسیان لەوە کردووە، جیا لە ساڵی ڕابردوو، بارودۆخی ئابووری و سیاسیی ئێران، نیشانەی لاوازی و ناسەقامگیریی نائاسایی لەو وڵاتە بووە، کە لە ساڵی داهاتوودا، خەریکه باڵ بەسەر تەواوی کۆمەڵگادا دەکێشێت.