کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نرخی هەڵاوسان لە ئێراندا بەرز دەبێتەوە

12:11 - 2 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نرخی هەڵاوسان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە ئێران گەیشتووەتە ٣٠.٦ لە سەد و گرانی و داکشانی بەهای دراوی ئێرانیش بە هەمان شێوە ڕووی لە داکشانە. 

ناوەندی ئاماری ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە نرخی هەڵاوسان لە مانگی خاکەلێوەی ئەمساڵدا بەبەراورد لەگەڵ مانگی یەکەمی خاکەلێوەی ساڵی ڕابردوو نیزیک بە ٥١ لە سەد بەرز بووەتەوە.

بەپێی ئەو ئامارە، خانەوارەکان لە ئێراندا بە شێوەی نێونجی لەو مانگەدا بە نیسبەت مانگی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، نزیک به ٥١ لە سەد زیاتر تێچوویان بۆ کەلوپەل و خواردەمەنییەکان تەرخان کردووە.

ئەو ڕاپۆرتە دەرخەری ئەوەیە کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا نرخی دراوی ئێران زۆر دابەزیوە و گەمارۆ ئابوورییەکان کاریگەرییەکی زۆریان لەسەر ئێران داناوە. 
ماوەیەک پێش ئێستە "ستیڤ هانکێ" ئابووریناسی ناسراوی ئامریکایی، لە لیستەیەکدا ناوی ئەو وڵاتانەی کە لە خراپترین دۆخی ئابووریدان بڵاو کردەوە کە ئێران و سێ وڵاتی دیکە لە دوایین پلەکانی ئەو لیستەیەدا جێگایان گرتبوو.

بشێویی ئێستای ئابووریی ئێران بە پێچەوانەی ئیدعاكانی بەرپرسانی ڕێژیم، نەتەنیا چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو پێشبینیش دەكرێت لە داهاتوودا دۆخی ئابووریی ئەو وڵاتە گەلێك ئاڵۆزتر بێت.

لەو پێوەندییەدا، ڕۆژنامەی "کوردستان" بڵاوکراوەی فەرمی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ژمارەی ٧٤٨ی خۆیدا لە بابەتێکدا لەژێر ناوی " گوزەرانی خەڵکی ئێران لە ساڵی داهاتوودا" لە نووسینی "فەرهاد سلێمانپوور" بڵاوی کردووەتەوە لە سەرەتای سەرهەڵدانی کۆماری ئیسلامییەوە هەتا ئێستا ئابووریی ئێران چ بەبێ سزا و چ لەگەڵ سزا، ئابوورییەکی شپرز بووە، ئاماری ئەم چل ساڵەی ڕابردوو لەسەر بێکاریی، هەڵاوسان، گەندەڵی، ناشەفافیەت، دزیکردن، رانتخۆری، بەفیڕۆدانی پارە، هەژاریی ڕەها دەیسەلمێنێت کە ئابووریی ئێران لە دۆخێکی زۆر خراپدا بووە و تا دێت خراپتریش دەبێت. لە ئێستادا ئێران لە ڕیزی وڵاتانی پەرەنەسەندوو و پاشکەوتوودا هەژمار دەکرێت.