کوردستان میدیا: هەڵکشانی نرخی کەلوپەل و خواردەمەنییەکان لە بازاڕەکانی ئێراندا و بە تایبەت کوردستان، سنووری گرانی تێپەڕ کردووە و ڕێژیمیش دروشمی کۆنتڕۆڵی بازاڕ دەدات.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا لەبارەی هەڵکشانی نرخی خۆراک و شتومەک لە بازاڕەکانی ئێران و کوردستاندا لە ڕاپۆرتێکدا بەراوردی نرخی شتومەکەکانی لەگەڵ ساڵی ڕابردوو کردووە کە بەپێی ئەم ڕاپۆرتە بەهای هەموو پێداویستییە خۆراکییەکان ڕووی لە هەڵکشانه و بەرپرسانی ڕێژیمیش تەنیا باس لە کۆنتڕۆڵی نرخەکانی بازاڕ دەکەن.
هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، لەو ڕاپۆرتەدا باسی لەوە کردووە، ساڵی ڕابردوو کیلۆی کەرەی کوردی، ۱٤ هەتا ۱٦ هەزار تمەن بووه و ئێستا ۲۷ هەتا ۳۲ هەزار تمەنە؛ هەنجیری وشک کیلۆی ۲۲۰۰۰ تمەن هەتا ۳٥۰۰۰ تمەن بوو ئێستا ٤٥۰۰۰ تمەن هەتا ۸٥۰۰۰ تمەنە؛ گوێزی وشکی کوردستان ۱٥ هەتا ۲۳ هەزار تمەن بوو ئێستا ٤٥ هەتا ٥٥ هەزار تمەنە؛ کیلۆیەک توو گوڵەبەڕۆژەی برژاو ساڵی ڕابردوو بە ۷ هەتا ۱۱ هەزار فرۆشراوە بەڵام ئێستا ۲۲ هەتا ۳۰ هەزار تمەنە؛ کیلۆیەک پستە ٥۰ هەتا ٦٥ هەزار تمەن بوو بەڵام ئەمساڵ ۱٥۰ هەتا ۲۱۰ هەزار تمەنە، کیلۆیەک ڕۆنی زۆنگی مەڕ ٦۰۰۰۰ تمەن بوو کە ئەمساڵ بە ۱۱۰۰۰۰ تمەنە.
بەوتەی هەواڵنێری کوردستان میدیا، گران بوونی لە ڕادەبەدەری کاڵاکانی ژیان بوونەتە هۆکاری بێ داهاتی لە دێهاتەکاندا و خەڵکی لادێ لەژێر گوشاری ئابووریدان.
ئەو هەواڵنێرە پێشتریش لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو که دابەزینی دەستکرد و دەستووری بەهای دۆلاری ئامریکا لە بەرانبەر تمەنی ئێرانیدا فێڵێکی چەپەڵی ڕێژیمە بۆ بڕینی گیرفانی خەڵک. چونکە ئەو دابەزینە هەتا ئێستا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەرزان بوونەوەی نرخی خواردەمەنی و پێداویستییەکانی ژیان نەبووه و بەپێچەوانەوە بەردەوام نرخی کاڵاکان بەرەو هەڵکشان دەچێت و بێکاریش هەر پەرە دەستێنێ .