کوردستان میدیا: بە پێی ڕاپۆرتێک کە لە لایەن ژووری بازرگانیی تارانەوە سەبارەت به هەڵاوسان لە پارێزگاکانی ئێراندا بڵاو کراوەتەوە، پارێزگای سنە زۆرترین نرخی هەڵاوسانی خاڵ به خاڵی هەیە.
به پێی ئەم ڕاپۆرتە، لە بیاڤی شاخسەکانی نرخی کاڵا و خزمەتگوزاریدا، زۆرترین ئاستی هەڵاوسانی مانگانه تایبەت به پارێزگای ئازەربایجانی شەرقی به ٢/٩ لەسەد و دوای ئەوەش ئیلام به ٢/٨ و سنه و کرمان به ٤/٢ لەسەدە.
لە بواری هەڵاوسانی خاڵ به خاڵیشدا، پارێزگای سنه به ٤٩/٢ لەسەد، زۆرترین هەڵاوسانی هەبووە ؛ کەمترین هەڵاوسانی خاڵ به خاڵیش تایبەت بە پارێزگای قۆم بووە به ڕێژەی ٣١/٩ لەسەد.
ناوەندی ئاماری ڕێژیم بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتی پێوەری نرخی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکان، نرخی هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵی بە ڕێژەی ٣٤/٩% ڕاگەیاند؛ بەم پێیە هەر خانەوارێکی نیشتەجێ لە ئێران بۆ کڕینی کەلوپەل و خزمەتگوزارییە مەسرەفییەکانیان ٣٤/٩% زیاتر لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو تێچوویان هەبووە.
پێوەری نرخی کاڵا و شتومەکە مەسرەفییەکان واتە پێوەری هەڵاوسان لە مانگەکانی ڕابردوودا و پاش بەرزبوونەوەی نرخەکان لە بازاڕی ئەرز و گوشاری نەخدینەیی و کەمی بوودجە هاتە ئاراوە؛ ئەگەرچی لێپرسراوانی رێژیم باس لە پلانداڕێژی وردی خۆیان بۆ کۆنترۆڵی بازاڕ دەکەن بەڵام ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەم پلان و بەرنامانە هیچ کاریگەرییەکیان نەبووە و کارناسانیش دەڵێن ئەم ڕەوتە لە مانگەکانی داهاتوودا خێراییەکی زیاتر بەخۆوە دەگرن.