کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێران بۆ ئامریکا گرینگ نییە

12:51 - 21 رەشەمه 2720

"ڕابێرت ماڵی" نوێنەری تایبەتی ئامریکا بۆ کاروباری ئێران وتوویەتی: "هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ئێران هیچ کاریگەرییەکی لەسەر دانووستانە ناوکییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا بۆ زیندووکردنەوەی بەرجام نییە".

"ماڵی" وتوویەتی: "وڵاتی ئامریکا دانووستانەکان بەپێی هەڵبژاردنەکانی ئیران ڕێک ناخات بەڵکوو ئەو شتەی کە خێرایی دانووستانەکان ڕێک دەخات ئەوەیە کە ئەو دانووستانانە هەتا چ ڕادەیەک دەتوانن بۆ بەرگری لە سەرچاوە ئەمنییەتییەکانی نەتەوەیی ئامریکا گونجاو بن".

"ڕابێرت ماڵی" ڕوونی کردەووەتەوە: "دەوڵەتی جۆ بایدن لەسەر ئەو باوەڕەیە کە دانووستانەکان بە شێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەریی باشتری هەیە و لێکتێنەگەیشتنی کەمترە".

ڕێژیمی ئێران لە سەرەتای دەسپێکردنی سەرکۆماریی "جۆ بایدن" بەردەوام داوا لە دەوڵەتی "بایدن" دەکات کە گەمارۆکان لەسەر ئێران لا ببات.

بەرپرسێکی پلەباڵای وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بۆ لابردنی گەمارۆکان لەسەر ئێران وتوویەتی: "جۆ بایدن هیچ هەوڵێکی یەک لایەنانە ئەنجام نادات و هەر هەڵوێستێکی بنەڕەتیی ئامریکا دەبێ بەشێک بێت لە بەرانبەر یەک کردەوەی ئێران".