کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی شوراکان لە ١٨١ گوندی پارێزگای ورمێ بەڕێوە ناچێت

18:33 - 19 جۆزەردان 2721

''محەممەد مەهدی شەهریاری'' پارێزگاری ڕێژیمی ئێران لە ورمێ، لە بەرەبەری شانۆی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری و شوراکان لە شار و گوندەکان وتوویەتی کە بەهۆی ڕەتکردنەوەی شیاویی بەربژێرەکان و نەگەیشتنی ڕێژەی بەربژێرەکان بە ئاستی پێویست، لە ١٨١ گوندی پارێزگای ورمێ هەڵبژاردنی شوراکان بەڕێوە ناچێت.

ناوبراو وتوویەتی کە ٢ هەزار و ١٩٤ گوند لە پارێزگای ورمێ هەلومەرجی بوونی شورایان هەیە، بەڵام لەم خولەدا لە ٢هەزار و ١٣ گوندی ئەو پارێزگایە هەڵبژاردن بەڕێوە دەچێت.

ئەو قسانەی ناوبراو لە حاڵێکدایە کە کەسانی دڵسۆز لە زۆرێک لە گوندەکان خۆیان بۆ هەڵبژاردنەکانی شوراکان نەپاڵاوتووە و دەڵێن کە لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا ڕێگا نادرێت هیچ خزمەتێک بە خەڵک بکرێت و نابینە کەرەستەی پڕوپاگەندەی ڕێژیمی ئێران بۆ نیشاندانی ئەوەی کە لەنێو خەڵکدا ڕەوایی هەیە.

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە ٢٨ی جۆزەردانی ئەمساڵ بۆ جارێکی تر شانۆی بەناو هەڵبژاردنەکانی خۆی بەڕێوە دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە کە بارودۆخی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیی ئێران لە خراپترین ئاستی خۆیدایە و ڕێژیم لەگەڵ قەیرانی ڕەوایی بەرەڕووە و خەڵک بە تەواوی لەو ڕێژیمە بێ هیوا بوونە.