کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی ڕێژیم کێشەی نێوخۆی کاربەدەستانی ڕێژیمی لێ کەوتووەتەوە

13:18 - 31 جۆزەردان 2721

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٣٠ی جۆزەردان "وەحید حەقانییان" جێگری بەیتی ڕێبەریی ڕێژیمی ئێران، هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماری بە خەسار بۆ ڕێژیم پێناسە کردووە.

"وەحید حەقانییان" سەبارەت بە سێ بەربژێر "مۆحسێن ڕەزایی، ئەمیرحوسێن قازی‌زادە و عەبدولناسر هیمەتی" وتوویەتی" دەتوانین بڵێین ئەو سێ کەسە بۆ ئیبراهیم ڕەئیسی وەک یارمەتییەکی خودایی دێنە هەژمار و  بە ویست یا نەویست، خۆیان فیدای ئینقلاب کردووە".

"حەقانییان" لە درێژەدا باس لەوە دەکات "سەرەڕای ڕەتکردنەوەی زۆربەی بەربژێرەکان، بایکۆتی هەڵبژاردنەکان لەلایەن ئەحمەدی نژاد و لایەنەکانی دیکەوە؛ ئەگەر ئەو سێ کەسەش پاشەکشەی خۆیان ڕایانگەیاندبا و لە ئەگەری ئەوەیکە وەزارەتی نێوخۆش قەبووڵی نەکردبا ئەو داخوازییە دەیتوانی قەیرانێکی جیددی بۆ ڕێژیم دروست بکات".

هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم  لەهەمبەر قسەکانی "حەقانییان" و پێگەی "حەقانییان" لە بەیتی ڕێبەریدا بە توندی ڕەخنەی لە قسەکانی ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم گرتووە و ڕایگەیاندووە " بەشێک لە پرسەکان کە دەتوانێت نووسینگەی ڕێبەری بخاتە مەترسی، پێویست نییە باس بکرێن".

وتەکانی "حەقاقنییان" و دژکردەوەی هەواڵدەرییەکانی سەر بە سپای پاسداران پیشان دەدات کە سەرەڕای موهەندیسی بوونی هەڵبژاردنەکان لەنیوخۆی مۆرەکانی ڕێژیمیش ناکۆکی دروست بووە.