کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران بە شێوەیەکی بەرین بایکۆت کراوە

13:04 - 16 جۆزەردان 2721

لەدرێژەی بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێران، لەلایەن حیزب و لایەن چین و توێژە جیاوازەکانەوە، پێنج ڕێکخراوەی ژنانی غەیرە فارس لە بەیاننامەیەکدا هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمی ئێرانیان بایکۆت کرد.

لەو بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئێمە ٥ ڕێکخراوەی ژنانی نەتەوەکانی ژێر زوڵم و زۆریی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران، بە ناوەکانی: "ناوەندی ژنانی کوردستانی ئێران، دەنگی ژنانی ئەحواز(نبراس)، دامەزراوەی هەمدلین بانکان، کۆمیتەی ژنانی ڕێکخراوی داکۆکی لە مافی مرۆڤی تورکەمەن سەحرا و ناوەندی ژنانی تورک" شانۆی هەڵبژاردنەکانی ١٤٠٠ی هەتاوی بایکۆت دەکەین.

سەرکوت و زوڵمی نەتەوەکانی ژێر ستەمی ڕێژیمی ئێران دووبەرابەره و هەتا ئاستێکی زۆر بەرزە، بە شێوازێک کە بارودۆخیان وێنا ناکرێت.

هەروەها هەڵاواردن و زوڵمی چەند شێوەی "ڕەگەزی، نەتەوەیی و ئایینی" و هەتا دوایی کە حاشا لە بوون و مانی ژنان دەکات و توندوتیژیی سیستماتیکی حکوومەتی ، جێبەجێکردنی بە ئەنقەستی دواکەوتوویی ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و کولتوری بووە بە پشکی ژنان لەو سیستمە دەسەڵاتدارییەدا.

ئەوان هەروەها ڕایانگەیاندووە ئێمە باوەڕمان وایە، ڕێژیمی ئێران، لە هەر شێوەیەکدا، ناتوانێ وڵامدەری ویست و داخوازییەکانی کۆمەڵگەی ئێران بێت.بەڵکوو لەو باوەڕەداین بە ڕووخان و تێپەڕبوون لەو ڕێژیمە، دەتوانین کۆمەڵگەیەکی ئازاد، سێکۆلار، یەکسان و فیدراڵ بۆ هەموو گەلانی ئێران بەتایبەت بۆ ژنان دابین بکەین.

ئێمە داوا لە سەرجەم ژنانی نەتەوەکانی ژێر ستەمی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەکەین کە بە شۆڕشێکی نەتەوەیی و ئەرکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی خۆیان بە بەشداریـنەکردن لە هەڵبژاردنەکاندا و "نا" بە کۆماری ئیسلامیی ئێران و سەرجەم تاوانەکانی ئەو شانۆیەی ڕێژیم بگۆڕین بۆ ناڕەزایەتیی سەرانسەری.