کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژرادنەکانی عێراق بەڕێوە دەچێت

23:47 - 22 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراقی فێدراڵ، بە بەشداریی نەتەوەکانی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ بەڕێوە دەچێت و خەڵک دەنگ بە بەربژێری خۆیان دەدەن.

پـرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنەکانی پارلەمانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی بانەمەڕێ ١٣٩٧ی هەتاوی، بەڕێوە دەچێت و پێشتریش لە چەندین شاری وڵاتانی دیکە، دەنگدەران، دەنگیان بە بەربژێری خۆیان داوە.

لەو هەڵبژاردنانەدا، هاووڵاتییانی عێراق بەگشتی و هاونیشتمانیانی باشووری کوردستان بەتایبەتی نوێنەرانی خۆیان بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەنێرنە پارلەمانی عێراق.

هەڵبژاردنی پارلەمانی عێراق بەم شێوەیە: 

- چوارەمین هەڵبژاردنی پارلەمان لە ٢٠٠٣ەوە

- هەڵبژاردنەکە بۆ ٣٢٩ کورسی پارلەمانە

- ٢٥%ی کورسییەکان واتە ٨٣ کورسییان بۆ ژن دەبن

- ٩ کورسییان بۆ کەمینەکان دەبن

ـ٥ کورسی بۆ مەسیحییەکان

- هەریەکە لە کوردانی ئێزدی، شەبەک و فەیلی کورسییەک و سابیئەکانیش کورسییەک

ـ ٦٩٨٢ بەربژێر لە ٨٧ لیستدا ڕکابەری دەکەن

ـ ٢٠١١ بەربژێریان ژنن

کورد لەو هەڵبژاردنانەدا بە ٧ لیست بەشداری دەکات کە بریتین لە: 
-پارتی دێموکراتی کوردستان
-یەکیەتیی نیشتمانی کوردستان
-بزووتنەوەی گۆڕان
-هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری
-یەکگرتووی ئیسلامی
-کۆمەڵی ئیسلامی
-نەوەی نوێ
دەنگدانەکان بەم شێوەیە:

دەنگدانی گشتی

ـ ٢٤ میلیۆن و ٣٤٩ هەزار و ٣٥٧ کەس لە دانیشتووانی عێراق و باشووری کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە
-دەنگدەران لە نێوخۆی عێراق لە ٨ هەزار و ١٤٨ بنکە دەنگ دەدەن
ـ ١٦٦ بنکەی دەنگدان لە ٧٠ کەمپ لە ٨ پارێزگای عێراق بۆ ئاوارەکان داندراون
-عێراقییەکانی دەرەوەش لە ٢١ وڵات دەنگیان داوە
ـ نزیکەی ٩٠٠ هەزار کەس لە دەرەوە مافی دەنگدانیان هەبووە.

کارناسانی سیاسی لەو باوەڕەدان، کە ئەم هەڵبژاردنەی عێراق لە کاتی ئێستادا بۆ داهاتوو زۆر گرینگه و دەتوانێت ئاسایش و پێکەوەژیان بۆ نەتەوەکانی عێراق دابین بکات.

کورد لە سەر ئەو باوەڕەیە، دەبێ بتوانێت بە هێزێکی نوێیەوە بچێتەوە پارلەمانی عێراق و داوای مافەکانی خۆی بکات، چونکە لە ئێستادا پێگەی کورد لە بەغداددا لاوازه. ئەوەش لە کاتێکدایە ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوەیەک دەستێوەردان لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکات.