کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵبژێراوانی سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی \"نا بۆ توندوتیژی\" لە شاری هەولێر دیاری كران

15:44 - 10 سەرماوەز 2712

كوردستان میدیا: لەو فێستیفاڵەدا ٥١ فیلم و لەوانە، ٤ فیلمی بڵیندی سینەمایی و ٤٧ كورتە فیلمی چیرۆكی و دێكۆمێنتاری لە سینەماكارانی كوردی و بیانی لە هەرێمی كوردستان نمایش كران.

بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی نا بۆ توندوتیژیبڵاوی كردەوە، سێیەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی نا بۆ توندوتیژی بە دژی ژنان رێكەوتی 5‌ی سەرماوەز لە شاری هەولێر دەستی پێكرد و رێكەوتی 8‌ی سەرماوەز بە هەڵبژاردنی باشترینەكان لە بەشە جواروجۆرەكانی ئەو فێستیڤاڵەدا كۆتایی بەكارەكانی هێنا.

خەڵاتەكان بەو شێوەیەی خوارەوەن:

خەڵاتی باشترین دیزاینی دەنگی فێستیڤاڵ بەخشرایە ئەمیر حوسێن قاسمی دەنگ دانەری فیلمی بانداژ لە دەرهێنانی ئومید عەبدوڵڵاهی لە شاری تاران.

خەڵاتی باشترین فیلمی فێستیڤاڵ بە كورتە فیلمی بێدەنگ لە دەرهێنانی رێزان ئێشیلباش لە شاری ئامەد بەخشرا.

خەڵاتی باشترین مونتاژی فێستیڤاڵ بە تۆفیق ئەمانی مۆنتێری كورتە فیلمی كۆڵانێك لە پشت ماڵی ئێمە لە مەریوان بەخشرا.


خەڵاتی باشترین وێنەگری فێستیڤاڵ بە حوسێن كولی وێنەگری كورتە فیلمی زوهرە لە شاری بەغدا بەخشرا.
خەڵاتی باشترین سیناریۆی فێستیڤاڵ بە جەلال نەسیری نووسەری سیناریۆی كورتە فیلمی سەفەری سارد لە شاری سنە بەخشرا.


خەڵاتی باشترین ئەكتەری ژنی فێستیڤاڵ بە خاتوو بێلجین بێلگین ئەكتەری كورتە فیلمی بێدەنگ لە شاری ئیستانبووڵ بەخشرا.


خەڵاتی باشترین فیلمی دیكۆمێنتاری فێستیڤاڵ بە كورتە فیلمی لە تاریكیدا لە شاری سلێمانی بەخشرا.


خەڵاتی باشترین دەرهێنەری فێستیڤاڵ بە حوسێن حەسەن دەرهێنەری كورتە فیلمی هێز لە شاری دهۆك بەخشرا.


خەڵاتی باشترین موزیكی فێستیڤاڵ بە سەعید زێهنی ئاوازدانەری موزیكی كورتە فیلمی نانی بەیانی لە شاری تاران بەخشرا.