کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی "حیجاب بێ حیجاب" لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان گەیشتە نێو شەقامەکانی شارە فارسنشینەکان

13:12 - 22 پووشپەڕ 2722

کۆمەڵێک ژن لە زۆربەی شارە فارسنشینەکان، هاوکات لەگەڵ ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕ، ئەو ڕۆژەی کە لەلایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە وەکوو ڕۆژی "حیجاب و عیفاف" ناودێر کراوە لە هەڵمەتێکدا دژی حیجابی زۆرەملێ ناسراو بە "حیجاب بێ حیجاب" ناڕەزایەتییان دەربڕی.

هەروەها لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکانیش پێشوازییەکی گەرم لە هەشتەگی "حیجاب بێ حیجاب" کراوە. ئەو هەڵمەتە کۆمەڵایەتییە لەلایەن کۆمەڵێک لە پیاوانی ئێرانی پشتیوانیی لێ کراوە.

لەو هەڵمەتەدا ژنان لەچکەیان لەسەر کردووەتەوە و مانتۆکانیان داکەندوون.

بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا بڵاو بوونەتەوە کۆمەڵێک ژن بە نیشانەی ناڕەزایەتی بە حیجابی زۆرەملێ لە ئاستی شارەکان، فرۆشگاکان و ئامرازی هاتوچۆی گشتی بەبێ حیجاب خۆیان نیشان داوە و هاتوونەتە دەرەوە.

هەروەها بەشیک لە بەکارهێنەرانی ژن لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکاندا، بەبێ حیجاب وێنەکانی خۆیان بڵاو کردوونەتەوە و هاوکات ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە سیاسەتە داسەپاوەکانی ڕێژیمی ئێران دەربڕیوە.   

"مەحموود سادقی" یەکێک لە بەرپرسانی پێشووی ڕێژیم لە دژکردەوە بە حیجابی زۆرەملێ و بەرەوڕووبوونەوە لەگەل گەندەڵیی بەرپرسانی ڕێژیم و قسەکانی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەبارەت بە گەشتی ئیرشاد بۆ بەرپرسان، وتوویەتی: "بە جێگای ئەوەی گەشتی ئیرشاد بۆ بەرپرسان دانێن گەشتی ئیرشادیان بۆ خەڵک داناوە".