کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی خاوێنکردنەوەی شارەکانی کوردستان لەلایەن هاووڵاتییانەوە درێژەی هەیە

17:29 - 22 رەشەمه 2719

ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی خۆبەخش لە مەهاباد، لەسەر تێچووی خۆیان کەرەستەی دژەگەندنیان کڕێوە و خۆیان دەستیان کردووە بە خاوێنکردنەوەی ئەو شارە.

هاووڵاتییانی مەهاباد بۆ پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بە تراکتۆر دژەگەند لە شەقام، کۆڵان و گەڕەکەکانی ئەو شارە دەدەن.

ئەم هەوڵەی هاووڵاتییان بە شێوەی خۆڕسک بووە و بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەڕای داواکاریی خەڵک، حکوومەت هیچ یارمەتییەکیانی نەداوە، هەر بۆیە هاووڵاتییان بە پارەی خۆیان دەستیان کردووە بە خاوێنکردنەوەی ئەو شارە لە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

 لاوانی کرماشانی بە شێوەی خۆبەخش و بە هاوکاریی یەکتر بۆ پێشگرتن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کار دەکەن. هاوکات لە کرماشان کۆمیتەی کۆنترۆڵی قەیران لەلایەن خەڵکەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دامەزراوە.

 ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمە، لاوانی گوندی "دگاگا"ی سەر بە شاری سەوڵاواش، شەقام و شوێنە گشتییەکانیان بە دەرمانی دژەگەند پڕژاندووە.