کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتی "زاگرۆسانە" دەستی پێکرد

17:11 - 4 سەرماوەز 2720

 سێهەمین ساڵی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی "زاگرۆسانە" بە بەشداریی زۆرتر لە ٥۰ ڕێکخراوەی ژینگەیی و گرووپی شاخەوانیی کوردستانی ڕۆژهەڵات دەستی پێکرد.

ژینگەپارێزان وەک پێشڕەوانی پاراستنی ژینگە سەرەڕای بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ نەیارانی ژینگە و قەیرانەکانی زاگرۆس، هەوڵی خۆیان خستووەتە گەڕ بۆ بووژاندنەوەی ئەو دارستانانەی کە کەوتوونەتە بەر تەور و ئاگری کاولکارانەوە.

"زاگرۆسانە" هەڵمەتێکی ژینگەییە کە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکانی زاگرۆس ماوەی سێ ساڵە بە چاندنی دنکە بەڕوو بۆ بووژاندنەوەی دارستانەکان و پەرەپێدان بە کولتووری ژینگەپارێزی و هەروەها درێژەدانی ڕێگای "شەهیدانی ژینگە" لە هەموو شوێنەکانی زاگرۆس بەڕێوەی دەبەن.

سێهەمین ساڵی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی زاگرۆسانە بە بەشداریی زۆرتر لە ٥۰ ڕێکخراوەی ژینگەپارێزی و گرووپی شاخەوانی دەستی پێکردووە.

ئەو ڕێکخراوە ژینگەییانە ڕایانگەیاندووە: ''چ وەک تاک یان گرووپ لە هەموو شوێنێکی زاگرۆسی نیشتماندا بە چاندنی دنکە بەڕوو دەستێکی سەوز بن بۆ ئاوەدانکردنەوەی دارستانەکان".

بەداخەوە ساڵانێکە دەستی ڕەشی کاولکاران کەوتووەتە گیانی ژینگەی زاگرۆسی دێرین و دەیانهەوێت هەر بە تەواوەتی لەنێوی ببەن و کارەسات بخولقێنن. سووتاندن و بنەبڕکردنی دارستانەکان یەک لەو برینانەیە کە خراوەتە سەر جەستەی زامداری زاگرۆس.