ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز لە درێژەی هەڵمەتی زاگرۆسانە، شاخەوانانی شاری شنۆ لە شوێنەکانی بناری "ڕەندۆڵە، شەترە، نوورەسەنی دەشتەبێڵ" دەنکی بادام، قەزوان و بەڕوویان چاند.
ئەو چالاکییە لەلایەن ژینگەپارێزانی کێلەشین سەوزی زاگرۆس (ژینکۆ)، شاخەوانانی "بۆزی سینا، سپیڕێز، پێشڕۆ، چیا و کێلەشین" و بە بەشداریی میوانانی شاخەوانیی هەڵگوردی پیرانشار بەڕێوە چوو.
لەو هەڵمەتەدا ژینگەپارێزان و شاخەوانان داوایان لە هاونیشتمانییان کرد کە سەبارەت بە پاراستنی ژینگە خۆیان بە بەرپرس بزانن و هەوڵی بۆ بدەن.
هەروەها ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٩ی سەرماوەز ئەنجوومەنی ژینگەپارێزانی ژیانی سەوزی سەقز هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕێوە برد.
ئەنجومەنی ژینگەپارێزانی نیشتمانی شاری ساحێب لە شاخی بەردەسوور، بە دروشمی "لەنێو دڵی ڕەوەزدا ڕەگاژۆ دەبین، بە ناخی نیشتماندا هەوێنی هیوا بۆ دواڕۆژ دادەچێنین" هەڵمەتی زاگرۆسانەیان بەڕێوە برد.
هەر لەو پەیوەندییەدا هەڵمەتی زاگرۆسانە لە گوندی "هەڵیزاوا"ی مەریوان، لەلایەن ژینگەپارێزان و هاووڵاتییانەوە بەڕێوە چوو.
هەروەها گرووپی شاخەوانیی "هێلانەی دڵـ"ـی ناوچەی سەرشیو (چنارەی مەریوان) هەڵمەتی زاگرۆسانەیان لە کێوەکانی ناوچەکە بەڕێوە برد.
زاگرۆسانە هەڵمەتێکی ژینگەییە کە ڕێکخراوە ژینگەپارێزییەکان بە هاوکاریی هاووڵاتییان بۆ پاراستنی سروشتی کوردستان بە چاندنی دەنک و نەمام بەڕێوەی دەبەن.