پێشمەرگەکانی کوردستان لە مەتەرێزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بەڕێوەبردنی هەڵمەتی پیرۆزی بەڕووچاندن ئەمساڵیش بە دەم بانگەوازی زاگرۆسانەی ڕۆژهەڵاتەوە چوون.
پێشمەرگەکانی هێزی ١١٥ی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ پشتیوانیکردن لە هەڵمەتی بەرینی زاگرۆسانە، لە چیاکانی کوردستان هەڵمەتی ژینگەییان بەڕێوە برد و بەڕوویان چاند.
ئەوان پشتیوانیی خۆیان لەو هەڵمەتە پیرۆزە بۆ بووژاندنەوەی ژینگەی نیشتمان دەربڕیوە و داوایان لە خەڵکی کوردستان کردووە کە پارەزێری ژینگە بن و بۆ بووژاندنەوەی سروشت هاوتەریب بن لەگەڵ هەڵمەتە ژینگەییەکان.
یەکێک لە پێشمەرگەکانی کوردستان دەڵێت: "ژینگە واتە ژیان، پاراستنی ژینگە بە واتای پاراستنی ژیانە و پاراستنی ژینگە پێویستە بۆ بەردەوامیی ژیان".
هەڵمەتی زاگرۆسانە ماوەی چوار ساڵە لەلایەن ڕێکخراوە ژینگەیی و شاخەوانی و مەدەنییەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە بە دەستپێشخەریی ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان پاش شەهیدکرانی شەهیدان "شەریف باجوەر" و "ئومید کۆنەپۆشی" بەڕێوە دەچێت.