کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێکی دارچاندن لە مەریوان بەڕێوە چوو

16:50 - 3 خاکەلێوه 2720

خەڵکی مەریوان وەک هەمیشە لە هەڵمەتێکی خۆڕسکدا دەستیان کرد بە چاندنی دار و هەروەها لێکردنەوەی نەخۆشی لە دار بەڕووەکان.

خەڵکی مەریوان و دەوروبەری، بەردەوام و لە هەموو کات و ساتێکدا خەمخۆریی خۆیان بەنیسبەت ژینگەی کوردستانەوە بە کردەوە نیشان دەدەن و دەستێکی باڵایان لە پاراستنی سروشتی کوردستاندا هەیە.

خەڵکی ژینگەدۆستی گوندی "هەجمنە" سەر بە سەوڵاوا، ڕۆژی شەممە ٢ی خاکەلێوە، لە هەڵمەتێکی خۆڕسک و ژینگەدۆستانەدا، بڕیاری چاندنی ٥٠٠ داریان دا و بەشێک لە خاکی کوردستانیان بژوێن کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا و هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی دارستان و لە ٤ ڕۆژی بەردەوامدا، کۆمەڵێک لە گەنجانی خۆبەخش لە هەڵمەتێکی بەنرخدا و بە خەمخۆرییەوە بوون بە یاوەری داربەڕووەکان و دارستانەکانی گوندی "بەرقەڵا"ی سەر بە مەریوانیان لە نەخۆشیی "دەمووکە" یان "لۆرانتووس" داماڵی و ژیانێکی تازەیان بەخشیوە بە دارەکان.

سەرەڕای ئەوەی کە خەڵکانێکی بەرژەوەندیخواز و زۆر جاریش مۆرەی ڕێژیم هەوڵی لەنێوبردنی ژینگە و سروشتی کوردستان بە ئاگردان و بڕینی دارەکان و لەنێوبردنی لێڕەوارەکان دەدەن، بەڵام نیشتماندۆستان و قوتابییانی شەهید "شەریف باجوەر"، شەریفانە پارێزگاری لە سروشتی نیشتمان دەکەن.