کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵمەتێکی ژینگەپارێزی لە شاری شنۆ بەڕێوە چوو

12:50 - 13 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ژینگەپارێزانی ڕێکخراوی ژینکۆ لە شاری شنۆ، بە سەردانی سروشت هەوڵی خاوێنکردنەوەی سروشتیان داوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژانی سێشەممه و چوارشەممه، ڕێکەوتی ١٠ و ١١ ی مانگی گوڵان، چالاکییەکی ژینگەپارێزی لەژێر ناوی، "پەروەردە، ڕاهێنان، فەرهەنگ"، بە هەوڵ و هیمەتی ئەندامانی ژینگەپارێزیی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی "ژینکۆ" لە شاری شنۆ بەڕێوە چوو.

لەو چالاکییەدا، چالاکانی ژینگەپارێزی لەو ڕێکخراوەدا، بە مەبەستی پەرەپێدانی کەلتووری خاوێنڕاگرتنی سروشت و ژینگە و بارهێنانی منداڵان بەو کەلتوورە، سەردانی ئەو شوێنە گەشتییارییانەیان کرد، کە منداڵانی خوێندکار، بۆ گەشت و گوزار لێی جێگیر ببوون.

ژینگەپارێزانی ئەو ڕێکخراوە، بە بەڕێوەبردنی کێبڕکێ و نمایش، هەوڵیان دا خاوێنڕاگرتنی ژینگه، بکەن به ئەرک و ئێخلاق و بە پێدانی خەڵات بە منداڵان، جۆش و خرۆشێکی تایبەتییان لە نێو بەشداربووانی چالاکییەکەدا بەدی هێنابوو.

هەر لەو پێوەندییەدا لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، منداڵانی پۆلی چوارەمی سەرەتاییی قوتابخانەی سەمەد نیلووفەری لە شاری سەقز، هاوڕێ لەگەڵ مامۆستاکانیان، بە خاوێنکردنەوەی پارکی شار، وانەی نیشتمانخۆشەویستییان وتەوە و بەم چالاکییەیان پەیامی ژینگەپارێزیی خۆیان ڕاگەیاند.