کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵوێستی حەکیمانە

17:21 - 15 خاکەلێوه 2721

هیوا کوردی

لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران کە ئاخوندەکان دەستیان بەسەر دەسکەوتەکانی شۆڕشدا گرت، بۆ ئەوەی جێگای خۆیان باشتر لە نیزامدا بکەنەوە بەناو ڕێفراندۆمی ئەرێ بۆ کۆماری ئیسلامییان هێنایە گۆڕێ. خومەینی دەیزانی تەنیا شتێک کە دەتوانێت ئستبدادی ویلایەتی فەقیهی ئەو جێگیر بکات کۆماری ئیسلامییە بۆیە دەیوت کۆماری ئیسلامی نە یەک وشە کەمتر و نە یەک وشە زیاتر .

بەناو ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە گرفتی گەورەی هەبوو تەنیا یەک بژاردە لەبەردەم خەڵک دانرا ئەویش کۆماری ئیسلامی بوو. لە ڕێفراندۆمدا دەبێ چەند بژاردە بۆ خەڵک دانرێت و چەند شێوە حکوومەتی تێدا بێت تا خەڵک یەکیان هەڵبژێرێت.

گەلانی ئێران لە ڕێژیمی پاشایەتی بێزار بوون و کۆماری ئیسلامیشیان تاقی نەکردبوویەوە، بۆیە زۆربەی ئەو کەسانەی بەشدارییان لە بەناو ڕێفراندۆمدا کرد دەنگی ئەرێیان بە کۆماری ئیسلامی دا.

دوکتۆر قاسملوو بەر لە ڕێفراندۆم هەوڵوێستێکی حەکیمانەی گرت و وتی من ماهییەتی ئەم حکوومەتە نازانم، چونکە لە هیچ جێگایەکی دونیاش تاقی نەکراوەتەوە، بۆیە وەک سکرتێری حیزبی دێموکرات و وتەبێژ و نوێنەری گەلی کورد داوای لە خەڵکی کوردستان کرد کە بەشداری لە بەناو ڕێفراندۆمی کۆماری ئیسلامیدا نەکەن، خەڵکی کوردستانیش پێشوازییان لەم هەڵوێستە کرد و لەم بەناو ڕێفراندۆمەدا بەشدار‌ نەبوون.

زۆر لایەن گازندەیان لە حیزبی دێموکرات و خەڵکی کوردستان کرد کە بۆچی بەشدارییان لەم پرۆسەیەدا نەکرد. پێیان وابوو خومەینی دژی ئەمپریالیزمە و دەبێ هەموو هێزەکان بێن و پشتیوانی لە خومەینی بکەن. دوای ماوەیەک خومەینی هێزی ئەوانیشی وەک حیزبی دێموکرات هەڵوەشاوە ڕاگەیاند. ئەندامی ئەم هێزانەش وەک ئەندامی حیزبی دێموکرات سەرکوت کران.

دوای مردنی خومەینی، خامنەیی دەسەڵاتە بێسنوورەکەی ویلایەتی فەقیهی ناسی و بە بەڕێوەبردنی بەناو ڕێفراندۆمێکی تر ویلایەتی موتلەقەی فەقیهی سەپاند.

گەلانی ئێران هەستیان بەوە کرد کە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ کۆماری ئیسلامی بەرەو ئیستبدادی دینی دەڕوات و گرفتی ئابووری و سیاسی و فەرهەنگی لەسەر یەک کەڵەکە بوون .

بەناو ڕێفورمخوازان ویستیان کۆماری ئیسلامی لەو گێژاوە ڕزگار ‌بکەن و دروشمی درەوشاوەی ڕێفورمخوازییان بەرز ‌کردەوە کە دووبارە بەشێکی زۆر لە خەڵکیان سەرگەرم کرد و تەمەنی کۆماری ئیسلامییان درێژ کردەوە. دوای ئەوەی کە ڕێفورمخوازی شکستی خوارد خەڵک دروشمی ڕێفورمخواز و ئووسلگەرا ئیدی بەسەیان بەرز کردەوە (ئیسڵاح تەڵەب و ئوسوولگەرا دیگێ تەمامێ ماجرا) و ئەمەش نیشانی دا کە خەڵک کۆماری ئیسلامییان لە تەواوییەتی خۆیدا ناوێت.

کەسێکی وەک کەڕووبی بەو ئاکامە گەیشت کە کۆماری ئیسلامی  نە کۆمارییە و نە ئیسلامییە. زۆربەی شرۆڤەکارەکانیش وتیان کۆماری ئیسلامی ئیستبدادی دیینییە لە قاڵبی ویلایەتی فەقیهدا .

دوای بەفرانباری ۹٦ و خەزەڵوەری ۹٨ مەودای خەڵک و حکوومەت زیاتر بوو. کۆماری ئیسلامی تەنیا بە سەرکوت و زەبر و زەنگ درێژەی بە تەمەنی خۆی دەدات. ئێستا  خەڵک دروشمی نا بۆ کۆماری ‌ئیسلامی دەدەن. بە ڕای هەندێک شرۆڤەکار کە ڕێفراندۆمێکی ئازاد و دێموکراتیک لە ئێران بەڕێوە بچێت ۹۰ لەسەدی خەڵک دەنگی نا بە کۆماری ئیسلامی دەدەن.

لێرەوە سیاسەتی دووربینی و ژیریی دوکتور قاسملوومان بۆ دەردەکەوێت کە چۆن لێزانانە و حەکیمانە ئەم هەڵوێستە مێژووییەی گرت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.