کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵپەساردنی مافی وانەوتنەوەی مامۆستایەکی زانکۆی بۆکان بە هۆی پۆشینی جل‌وبەرگی کوردی

16:07 - 4 خەزەڵوەر 2714

کوردستان میدیا: پارێزەر، مافناس و مامۆستای زانکۆی تێکنیکیی بۆکان بە هۆی پۆشینی جل‌وبەرگی کوردی لە وانەوتنەوە بێبەش و هەتا ماوەیەکی نادیار لەو زانکۆیە دەرکراوە.
بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بەرپرسانی زانکۆی فەننیی شاری بۆکان مافی وانەوتنەوەی مامۆستایەکی کورد ئەو زانکۆیەیان بە هۆی پۆشینی جل‌وبەرگی کوردی، هەڵپەساردووە.

یەکێک لە خوێندکارانی ئەو زانکۆیە لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شوناسی ئەو مامۆستا کوردەی سیروان ئیسماعیل پوورئەقدەم راگەیاند.

11194.jpg
سیروان ئیسماعیل پوورئەقدەم


ئیسماعیل پوورئەقدەم کە یەکێک لە مافناسان و پارێزەانی کوردە بە دەستپێکی سالێ نوێی خوێندن لەلایەن بەرپرسانی زانکۆی فەننی بۆکانەوە سەبارەت بە حوکمەکەی ئاگادار کراوەتەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە حیراسەتی زانکۆی فەننی بۆکان پێشتریش چەندین جار سەبارەت بە جۆر و شێوازی جل‌وبەرگ، هۆشداری بەو مامۆستایە دابوو.

دوای چەندین جار هۆشداریدان بەو مامۆستایە، بەرپرسانی زانکۆ رایانگەیاندووە کە بە هۆی هاوکاری نەکردن لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆ هیچ واحیدێکی دەرسی بەو مامۆستایە نادرێت.

سیروان ئیسماعیل پوور ئەقدەم دەرچووی زانکۆیبەهەشتی تارانە و هاوکات لەگەڵ کاری پارێزەری، چوار ساڵ لە زانکۆی فەننیی بۆکان سەرقاڵی وانە وتنەوە بووە.