کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکشانی نرخی کاغەز لە ٤٨ کاتژمێردا

16:47 - 10 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: نرخی کاغەز لە ئێراندا لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا ٢٢ لە سەد گران دەبێت و ئەمەش نیشانەی هەڵاوسانی ئابووریی ئێران لە کاتژمێر دایە.

"حسێن میرباقری"، بەرپرسی "یەکیەتیی سێنفی فرۆشیارانی کاغەز و مەقەوا"، ڕۆژی دووشەممە ٩ی بانەمەڕ لە وتووێژێکدا لەگەڵ هەواڵدەرییەکانی سەر بە ڕێژیم، باسی لە گرانبوونی کاغەز کردبوو.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیمی ئێران باسی لەوە کردبوو، لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا، نرخی هەر تۆپ کاغەزی ٧٠ گڕەمیی، لە ٤٥٠ هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە ٥٥٠ هەزار تمەن.

هەڵکشانی ٢٢ لە سەدیی، نرخی کاغەز لە ئێراندا، بووەتە هۆی نیگەرانیی وەشانگە و چاپەمەنییەکان و تەنانەت ڕۆژنامەکانیش.

چالاکانی بواری چاپەمەنی لەم بابەتەوە دەڵێن: "هەڵکشانی نرخی کاغەز، لەمپەرێکی گەورەیە لە بەردەم ئیدامەی ژیانی کاری ڕۆژنامەوانی لە ئێراندا و داهاتوویەکی ڕەشیان بۆ پیشەی چاپەمەنی و ڕۆژنامە نووسی لە ئێراندا پێشبینی کردووە".

ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران زۆربەی کاغەزی پێویستی خۆی لە دەرەوەی وڵات هاوردە دەکات و ئێستا بە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بۆ دابینکردنی کاغەزی پێویست ڕووبەڕووی کێشە بووەتەوە و کۆمپانیاکانیش لە ترسی سزاکانی ئامریکا خۆیان لە فرۆشتنی کاغەز بە ڕێژیمی ئێران دەبوێرن.