کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکەوت یان پڕۆژە !!

18:08 - 4 رێبەندان 2720

پیرە چریک

لە سەردەمە جیا جیاکانی مێژوو، بە ئاوڕدانەوەیەکی کەمیش تێدەگەین، حاکمانی گەلی دەسەڵاتدار، نە تەنیا خۆی لە بێڕێزیکردن بە گەلانی تر نەپاراستووە بەڵکوو بە ڕێکلام و پڕ و پاگاندا هەوڵی ئەوەی داوە ئەو شوناس و پێناسەی خۆی لە مێشکی دایە بەسەر خەڵکانی چەوساوە و ژێر دەستدا بسەپێنێ .

شوناس بریتییە لەو هێمایانەی گەلان خۆیانی پێ دەناسێنن، هێماکان وەک کۆدێک لە ئاستی جیهانیدا سەیر دەکرێن، ئەگەریش ڕۆژێک ئەو کۆدە ژمارەیەکی کەم بێتەوە ئەوە ڕەوتی ناسینەوە دژوار دەبێت و بەرەو توانەوە و فەوتان هەنگاو دەنێت !
لە تەواوی جیهاندا گەلانێک هەن، کە بە درێژایی مێژوو وەک کەرامەتێک شوناسی خۆیان پاراستووە و تەنانەت هەندێک کات گیانیان لەپێناوی بەخشیوە ، یەکێک لەو گەلانە کوردە، کە ئێستاشی لەگەڵ دابێ لەبەردەم چەندین سیاسەتی نەشیاوی حاکمان  بەردەوامە لە بەرگری و دڵیشی وەک هەموو مێژوو خوێنی ڕەهایی بڵاو دەکاتەوە !

گەلی کورد لەژێر پێیەکانی خۆی هەزاران کانزا و پەتڕۆڵی هەیە و کەچی لە هەر چوار لاوە گەمارۆ دراوە و منەتی هەناسەهەڵکێشانیان بەسەردا دەکەن. گەلانی دەسەڵاتداری ئەم دەڤەرە خوێناوییە کە هەر هەموویان لەپێشدا وەک میوانێک پێیان ناوەتە ناو ئەو خاکە ئێستا کە مێژوویەکی درووستکراوی خەیاڵاتی خۆیان کردووەتە بەڵگە کە هەزاران ساڵە لێرە دەژین و ئەو خاکە خاکی وانە نەک کورد !
لێرە دا چیرۆکێکی کۆن هەیە دەڵێ :

ڕۆژێک مار لە کونی خۆیدا خەوتبوو، باران لە دەرەوە بەخوڕ دەباری، جووشکێک لە بەردەم ماڵی مارەکە وەستابوو ئیزنی لە مار خواست کە بێتە ژوورەوە ماریش بە دڵێکی گەوەرەوە قبووڵی کرد، سەرەتا جووشک بەڵێنیی دا کە ماوەیەکی کەم لەوێ دەمێنێتەوە و پاش ماوەیەک ماڵی مارەکە بەجێ دەهێڵێ، سەرەتا جووشک خۆی خڕ دەکردەوە و جێگای بۆ مارەکەش بەتاڵ دەکرد بەڵام دوای ماوەیەک دڕووی جووشک لە مارەکە ڕۆدەچێ و دەبێت بەهۆی ئازا ، مارەکە دووبارە تاقەتی هێنا و هیچی نەوت هەتا گەیشتە شوێنێک کە تاقەتی مار نەما و داوای لە جووشک کرد ماڵەکە جێ بهێڵێ ، بەڵام جووشک بە ڕوویەکی ناشرینەوە لە مار هەڵگەڕاوە و نەتەنیا نەچوو بۆ دەرەوە بەڵکوو مارەکەشی وەدەر نا!
چیرۆکی کوردیش ڕێک وەک مار و جووشکەکە وایە ، سەرەتا بە ڕوویەکی بێ ئازار دێن بۆ لای و دواتر لەناو ماڵەکەی جۆگەلەی خوێن درووست دەکەن .

دەبینین کە ماوەیەکە لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو نابەڕێزبوونەی نەتەوەی حاکم بەرچاو دەکەوێت  وەک ئەوەی بیهەوێ ئەو دسکەوتانەی نەتەوەی کورد بە دەستی هێناون بەرێتە ژێر پرسیار،
ئەوه‌ لەحاڵەتێک دایە لە ڕووی فەرهەنگ و کەلتوورەوە نەتەوەی کورد بە بێ جیاوازی لەسەرانەسەری جوغرافیای نیشتەجێی خۆی خاوەنی گەورە ترین دێکۆمێنتی مڕۆڤایەتییە. لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین و تەنانەت جیهانیش ، نەتەوەی حاکم لەڕووی زمانەوە ئاسێمیله کراوە ، لە ڕووی کەلتوورەوە شۆراوەتەوە ، لەڕووی ڕەوشت و ڕەفتارەوە بەتەواوەتی لەلایەن ڕۆژ ئاوا و ڕۆژهەڵاتی جیهان داگیر کراوە  لێرەدا پرسیارێک دێتە ئارا :
ئەوان بۆچی بێ ڕێزی بە کەلتووری گەلان دەکەن؟

وەڵامی پرسیارەکە لێرەیە، کاتێک کەسێک کیسەی خۆی بەتاڵ بێ هەمیشە لە کیسەی پڕی خەڵکی دەڕوانێ و ئێرەیی پێدەبا.
وەڵامێکی تریشی ئەوەیە، کە گەلی دەسەڵاتدار لەو ڕۆژە تۆقیوە کە گەلانی ژێر دەست ناسنامەی خۆیان لە جیهاندا بناسێنن و شوناسە گرینگەکانی نەتەوایەتی بکەوێتە بەر دیدەی خەڵکانی جیهان،
وەک چۆن کەسێکی ناپسپۆڕ ناتوانێ خۆی لە هەندێک کار تێوەبگلێنێ، ئاواش جیهان لێی هەڵدەگەڕێتەوە و داوای پاشکشێ لە دەسەڵاتی لێ دەکا لانیکەم لەڕووی فاشیزمی دینی و فاشیزمی نەتەوایەتی گورزی کوشەندەی وێدەکەوێت ناچار دەبێ بەوەی بکشێتەوە !

لێرەدا پرسیارێکی تر لەلای خوێنەرەوە درووست دەبێ: باشە چۆن ڕێگای پێ بگرین و نەهێڵین لەوەزیاتر ئاو لەبن دیواری ناسنامەی ئێمە نەڕژێت و شوناسمان نەزەلێت ؟
وەڵام ئەوەیە، میدیا گرینگترین بەشە بۆ ئاگادارکردنەوەی جەماوەر، لەبەر ئەوەی هه‌ندێک میدیای کوردی به‌داخه‌وه‌ که داگیر کراوە، لەلایەن تورک و فارس، نابێ چاوەڕوانی کاری گەورەمان لێیان هەبێ، هەر بۆیە ئێمە خۆمان وەک گەلی کوردستان جا لە باشوور بێ یان لە ڕۆژهەڵات و باکوور و ڕۆژئاوا وەک ئەرکێک بە سەختی کار بکەین بۆ ئەوەی دوژمنانی زێد و زمان و گیان و کەرامەتمان چیتر وەک خانە خوێ لەخۆی نەڕوانێت!
هیوایەکی زۆرم بە میدیای خۆمان هەیە، جا میدیا بریتییە لە ماهوارە و تێلێگرام و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تر، تەنیا شەڕێکە کە تۆ دەتوانی لە ماڵە خۆتدا بە بێدەنگی ئەنجامەکەی بگۆڕێ.

من هەر ئێستا کە ئەو بابەتە دەنووسم خوێنەری خۆشەویست ئاگادار بە منیش وەک تۆم بەڵام چارمان چییە ئەگەر کورد ئەو ڕستە لە گف وگۆی خۆیدا بسڕێتەوە کە دەڵێ سیاسی مەبە هەرچی دەبی ببە ئەوە ئێستاکە منێک یان زۆرێکی تری وەک من لە ژێر گوشار و هەڕەشەدا کاری ئەنجام نەدەدا،

دەبا هەموومان خۆمان ئاوا سەیر کەین کە ئێستا شەڕە و کاتی نووسینەوەی حیکایەتە ڕاستەقینەکانی سەردەمی خۆمانین کە دواتر مێژوو وەک قارەمانێک لە گەلی ئێمە دەڕوانێ. هەر وەک چۆن لەژێر گوشاری نووسینی فاشیستی و شێعری فاشستیش ڕەفتاری فاشیستی هێشتا نەتواوینەتەوە و لەژێر سێبەری هیچ دارێکی بێگانە نەخەوتووین، دەبێ ئاوا بەردەوام بین و ڕووی ڕاستەقینەی ئازارەکانی گەلی خۆمان بەو جیهانە بناسێنین کە ژێنۆسایدەکانی ئێمە بە بێ بەڵگە سەیر دەکات و هی گەلانی تر وەک کارەسات!
دەبێ شوناسی خۆمان لەناو زەین و دڵدا ڕابگرین و بیدەین بە نەوەکانی ئایندەی خۆمان، ئەمە باشترین دژکردەوەیە لەهەمبەر بێڕێزی گەلی حاکم !!

لەوانەیە زۆرێک لە خەڵک وابزانێ کە بێڕێزی کردن بە هونەرمەند یان جل و بەرگ شتێکە بە زیانی حاکمییەت و گەلی دەسەڵاتدار دەشکێتەوە بەڵام لێرە حەز دەکەم شتێک ڕوون بکەمەوە ،
بێڕێزی کردنە یەک لەدوای یەکەکانی گەلی دەسەڵاتدار لەڕووی هەڵکەوت نییە بەڵکوو سەردەمانێکە خەریکن بە فۆڕم و شێوازی جیاواز جیاواز دای دەبەزێنن. جارێک دەڵێن کورد سەر بڕە، جارێک دەڵێن کورد کێوییە جارێک دەڵێن کورد لە ڕووی زانستەوە جاهیلە، جارێک لە مۆسیقا و لە کەلتور دەدەن و بەتەمان ئەوە لە مێشکی ئێمەدا جێ بخەن کە ئێمە گەلێکی سووکین و هیچ شتێکمان نییە بۆ ئەوەی خۆمان بناسێنین !!
من وەک نووسەرانی تر ناڵێم کە ئەوە بڵقی سەر ئاوە، نەخێر !!

من دەڵێم ئەگەر بە فریای خۆمان نەگەین، ئەوە بە دەست گەلێک لەنێو دەچین کە خۆی هەزاران ساڵە لەهەموو ڕوویەکەوە تواوەتەوە !!

گەلی من، نابێ نا ئومێد بین، ئێمە خاوەنی خەزێنەیەکین، کە دەیان وڵات بە ئاواتی ئەوەن یەک مسقاڵ لەو سەروەتە گەورەیە لەبەر دەستیان بێ بۆ ئەوەی خۆیان بکەن، بە نەتەوەیەکی خاوەن مێژوو.
هیچکات ئاسایی بە لای بێڕێزی گەلانی تر بە فەرهەنگی گەلی خۆت تێمەپەڕە، ئەوەیە هەموو ئامانجی دژبەران !!

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.