کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵکەوتە و بەربژێری ڕێژیم لە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ بە دز دەرچوو

12:59 - 4 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: دەزگای قەزاییی ڕێژیم، لاوێکی هەڵکەوتەی ساڵی ڕابردووی بە تۆمەتی دزینی ٧٠٠ میلیارد تمەن مەحکووم کردووە.

بەپێی هەواڵی هەواڵدەریی ئیرنا، عەباس جەعفەری دەوڵەتابادی، دۆزگەری شاری تاران، ڕۆژی شەممە، ٣ی سەرماوەز، ڕایگەیاندووە: کۆمپانیای "عەزیم خودرو"، نزیک بە ٤ هەزار ماشینی پێشفرۆش کردووە و ٧٠٠ میلیارد تمەن پارەی لە هاووڵاتییانی ئێرانی وەرگرتووە.

ناوبراو باسی لەوە کردووە، لە پێوەندی لەگەڵ سکاڵای ئەو هاووڵاتییانەی کە پارەیان بۆ کڕینی دوو جۆری ماشین بە ناوەکانی "هەن تەنگ" و "فۆتۆن ساوانا" لە حەسێبی ئەم کۆمپانیایە ڕژاندووە، بەڕێوبەری گشتیی ئەم کۆمپانیایە و هەروەها کەسێکی دیکە دەسبەسەر کراون.

کۆمپانیای "عەزیم خودرو"، کە لە ساڵی ١٣٨١ی هەتاوییەوە دامەزراوە، لە ماڵپەڕەکەیدا کەسێکی بە ناوی "ڕەزا عەزیمی" وەکوو بەڕێوبەری گشتیی ئەم کۆمپانیایە ناساندووە.

ئەم کۆمپانیایە، کە بەرێوبەرەکەی بە تۆمەتی پێشفرۆشی ٤ هەزار ماشین لە جۆری ماشینە دەرەکییەکان، لە لایەن دەزگای قەزاییی ڕێژیم بە تاوانباری یەکەم ناسێندراوە و دەسبەسەر کراوە، مۆڵەتی ئەم کارەی لە وەزارەتی پیشەی ڕێژیم وەرگرتووە.

ڕەزا عەزیمی، بەڕێوبەری گشتیی کۆمپانیای "عەزیم خودرو"، کە ئەمساڵ بە تاوانی دزینی ماڵی هاووڵاتییان دەسبەسەر کراوە، ساڵی ڕابردوو هەر لەم مانگدا، لە یازدەهەمین فستیڤاڵی بەرهەمهێنەران و بەڕێوبەرانی لاو، وەکوو بەڕێوبەری لاوی سەرکەوتوو، لە لایەن بەرپرسانی ڕێژیمەوە خەلاتی پێ بەخشرا.