کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی دێموکرات لە شاری تاراندا، چالاکیی تەبلیغییان بەڕیوە برد

12:19 - 29 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار و ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شارەکانی تاران و مەریواندا، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، ھەڵۆکانی دێموکرات، پێشمەرگە ئازا و دلێرەکانی شار، بە کار و چالاکیی بەربڵاو لە پێتەختی ئێران، دڵی ڕەشی داگیرکەریان لە جەمارانی تاراندا ھێنایە لەرزە.

ھەڵۆکانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی پووستێر و لۆگۆی حیزبی دێموکرات و ھەروەھا لۆگۆی ھەڵۆکانی دێموکرات و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە پتر لە ٤٥٠ دانە تراکت و پووستێر بوو، بە ڕێژیمی تێرۆریستی ئێرانیان سەلماند کە وەک ھەمیشە ھێزی پێشمەرگە لە ھەموو شوێنێک کە پێویست بێت، بۆ بەرەنگاری لەگەڵتان ئامادەیە.

ئەو شوێن و ناوچانەی کە چالاکیی تێدا کراوە بریتین لە: "مەیدانی ئازادی، مەیدانی وەلیعەسر، تەجریش، بووستانی ئارەزوو، نیاوەران، سەعادەت ئاباد، وەلەنجەک، تۆپخانە و شەقامی جمھووری.

هاوکات، تێکۆشەرانی دێموکرات لە گوندی سەردۆشی مەریوان، بە هەڵدانی دەیان ئاڵای پیرۆزی کوردستان و بڵاوکردنەوەی سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب"، چالاکیی تەبلیغییان بۆ پشتیوانی لە پێشمەرگە و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێوە برد.