کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی دێموکرات لە شاری سنە، چالاکییان بەڕێوە برد

12:33 - 5 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: پێشمەرگەکانی شار لە شاری سنە، بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی، دڵی داگیرکەریان وەلەرزە خست.

 بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەری کوردستان میدیا، ڕۆژی سێشەممە، ٤ی پووشپەڕ،  پێشمەرگەکانی شار بە بۆنەی نزیکبوونەوەی ساڵیادی شەھیدبوونی ڕێبەری بەرز و ناوداری کورد، دوکتور قاسملووی نەمر و ھەروەھا بۆ یادکردنەوە لە ساڵیادی شەھیدانی کۆساڵان و حەماسە مەزنەکەیان، لە چەند ناوچە و شوێنی شاری سنەدا، کار و چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەڵۆکانی دێموکرات لە شاری سنە، لە شوێنەکانی وەک: مەیدانی محەممەدی، شەھرەکی مەولەوی، شەھرەکی قشڵاق، شەھرەکی وەرزەقانی، شەھرەکی موعەلیم، شەھرەکی بێعسەت، شەھرەکی فەرەجە و ھەروەھا ترمیناڵی تاران، چالاکیی بەربڵاویان ئەنجام دا.

ئەوە لە حاڵێکدایە  کە ڕۆژێک پێشتر، ھەڵۆکانی دێموکرات لە پاڵنگان و کامیاران تا نزیکەی جادەی سنە، کار و چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردبوو. ڕێژیمی کۆنەپەرستی ئێران، تەواوی شار و ناوچەکانی بە ھێنانی جاش و سیخوڕەکانی، لە ترسی پێشمەرگەکانی شار، میلیتاریزە کردبوو.

ھەڵۆکانی دێموکرات لە شاری سنە بە ئەنجامدانی ئەم چالاکییە بە سپای تێرۆریستی پاسدارانیان سەلماند کە ئێمە نە لە میلیتاریزەکردنی ناوچەکان دەترسین و نە لە ھەڕەشە و چەک و بە کرێگیراوەکانتان، خەباتی ئێمە خەباتێکی ڕەوایە دژ بە ڕێژیمی داگیرکەری ئێران و تا دوادڵۆپی خوێنمان درێژەدەری ڕێگای پڕ سەروەریی شەھیدان و حیزب دەبین.