کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"هەڵۆکانی زاگرۆس" بەنیسبەت چەواشەکارییەکانی ڕێژیمی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە

12:58 - 19 خەرمانان 2721

"هەڵۆکانی زاگرۆس" بڵاویان کردووەتەوە کە لە دامەزرانی "هەڵۆکانی زاگرۆسـ"ـەوە تا بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە و لە سەرجەمی چالاکییەکانماندا، هەموو هەڵۆکانمان لە سەرجەمی پۆلەکانی سەراسەری وڵات، سڵامەتن و هیچ زیانێکیان لەلایەن هیچ هێزێکی دوژمنەوە بەرنەکەوتووە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکە بەم چەشنەیە:

هاونیشتمانە خۆشەویستەکان

بەرانبەر بە ڕوانگە و سیاسەتی ڕێژیمی تاران بۆ خاک و نیشتمانی کورد لە خۆرهەڵاتی کوردستان، دژکردەوە و پەرچەکرداری ڕۆڵەکانی گەل بە کەڵکوەرگرتن لە هەر جۆرە شێوازێکی شیاو و گونجاوی بەرەنگاری، مافێکی ڕەوا و ئینسانییە.

مافمان و بەرپرسیارەتیمان بۆ پارێزگاری لە گەل و نیشتمان و پاڵپشتیمان بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان، لەنێو بژاردەی لاوانی بەجەرگی وڵاتەکەماندا ڕێکخراوی چەکدار و شکۆمەندی "هەڵۆکانی زاگرۆسـ"ـمان دامەزراند.

بەشانازییەوە ڕادەگەیەنین کە لە دامەزرانەوە تا ئێستا، پۆلەکانی هەڵۆ، سەرکەوتوانە و بەردەوام  گەشەیان کردووە و پەرەیان سەندووە، کە ئەمڕۆ پۆلی هەڵۆ پانتایی وڵاتی داگرتووە. چالاکیی هەڵۆکان لە ڕاستای داکۆکی لە ماف و ئازادیی هاونیشتمانان و یارمەتیدانی جووڵانەوەکەماندا بووە. لە ڕێکخراوی "هەڵۆکانی زاگرۆسـ"ـدا، وریایی، متمانە، باوەڕبەخۆیی و پلان، هۆکاری سەرکەوتنی چالاکییەکان بوون.

خەڵکی خەباتکاری کوردستان

"هەڵۆکانی زاگرۆس" بەداخە لەوەی لە ڕەوتی بزووتنەوی نەتەوەیی دێمۆکراتیکی کوردستاندا، ل نێو خەڵکی نیشتمانەکەماندا کەسانی تاوانبار دەخوڵقێن، دەبنە داردەست و چاوساغی دوژمنی داگیرکەر و هۆکاری ئێش و ئازاری نەتەوەکەمان، کە بە"سزای تاوان" دەبنە قوربانیی سیاسەتی دوژمنکارانەی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان.

لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و دوابەدوای سزای تاوان بۆ سیخوڕێکی گوێ لەمستی سپای تێرۆر،  لە داماوی و دەستەوەستانیی دەزگا سیخوڕی و سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم بەرامبەر گورزی گورچکبڕی "هەڵۆکانی زاگرۆس"، لە وڕێنەی چەند دەمڕاستێکی سپای تێرۆر و کۆمەڵێک بنکە و سایتی گاڵتەجاڕی پێملی ئیتلاعاتەوە، دەنگۆ و هەواڵی ناڕاست و چەواشە لەمەڕ "هەڵۆکانی زاگرۆسـ"ـەوە بڵاو دەبنەوە، کە بەهۆی ئەم ڕاگەیەندراوەوە خەڵکی کوردستان و ئۆگرانی "هەڵۆکانی زاگرۆس" ئاگادار دەکەینەوە کە فڕوفیشاڵی ئەم قوڵە چۆماغانەی ڕێژیم  فڕیان بە ڕاستییەوە نەبووە و ئەو دەنگۆیانە هیچ پێوەندییەکیان بە "هەڵۆکانی زاگرۆسـ"ـەوە نییە.

بۆ دڵنیایی هاونیشتمانان و خەمخۆرانی  جووڵانەوەکەمان ڕادەگەیەنین کە لە دامەزرانی "هەڵۆکانی زاگرۆسـ"ـەوە تا بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاگەیەندراوە و لە سەرجەمی چالاکییەکانماندا، هەموو هەڵۆکانمان لە سەرجەمی پۆلەکانی سەراسەری وڵات، سڵامەتن و هیچ زیانێکیان لەلایەن هیچ هێزێکی دوژمنەوە بەرنەکەوتووە.

دووپاتی دەکەینەوەکە، مەلی ئاسمانی نیشتمان و مەلەوانی دەریای گەلین، بەرانبەر هەموو چالاکییەکانمان بەرپرسیارین و بە وریایی و چاوکراوەییەوە دەڕوانینە پیلان و دەستدرێژییەکانی حکوومەتی خۆسەپێنی تاران.

 پەرچەکردارەکانمان ڕەنگدانەوەی سیاسەتی دژ بە کوردی کۆماری ئیسلامییە. "هەڵۆکانی زاگرۆس" لە توانای دایە لە ئەگەری خۆڵقانی هەر مەترسییەکی ناباو بۆ سەر بزووتنەوەی ڕەوای گەل و تاکی خەباتکاری کۆمەڵگا دژکردەوەکانی لەسەرانسەری وڵات  شیاو و پڕ بە پێستی تاوانکارییەکان دەبن. بەڵێن دەدەین و سوور و شێلگیر تا دەستەبەریی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کوردستان، باسکی "سزای تاوانـ"ـین.

هەڵۆکانی زاگرۆس

١٨ی خەرمانانی ١٤٠٠