کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس جاشێکیان لە ناوچەی پیرانشار بە سزای تاوانەکانی گەیاند

10:58 - 28 خەرمانان 2720

وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس" بڵاوی کردووەتەوه کە تاوانبارێکی ناوزڕاویان لە ناوچەی لاجانی پیرانشار بە سزای تاوانەکانی گەیاندووە و کوشتوویانە.

لە هەواڵێکدا کە وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس" بڵاوی کردووەتەوە، سەرلەئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی خەرمانان لە کۆنەلاجانی پیرانشار، جاشێک بە ناوی سەید "تاهیر تسۆ" ناسراو بە سەید "تاهیری مەلا ڕەشید"، بە تاوانی جاشیەتیی چەکدارانە، سیخوڕی و پیلانگێڕی بۆ لەداوخستنی تێکۆشەران و نیشتمانپەروەرانی ناوچەکە کەوتووەتە بەر ئامانجی هەڵۆکانی زاگرۆس و بە سزای تاوانەکانی گەیشت.

بەپێی هەواڵی وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس"، برایەکی ناوبراو بە ناوی مەلا سەید "شێخەی تسۆ" کە لە بەکرێگیراو و گوێ لە مستەکانی ڕێژیمە و لە تاوان دەرهەق بە گەلەکەی سڵی نەکردووەتەوە، پێشتر درابووە بەر دەسڕێژی گولـلە و بریندار کرابوو.

"هەڵۆکانی زاگرۆس" ڕایانگەیاندووە: "لە پێناو ئامانجی گەل و پارێزگاری لە نەتەوەکەماندا هەردەم چەکەکانمان لەسەر پێیە".