کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس، دوو جاشی ناوزڕاویان سزا دا

17:36 - 18 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: هەڵۆکانی زاگرۆس، پۆلی فەرەنگ، سەبارەت بە سزادانی دوو جاشی ناوزڕاو، لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆیاندا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

هەڵۆکانی زاگرۆس، ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوێک، باسیان لە سزادانی دوو جاشی ناوزڕاو لە ناوچەی نەغەدە کردووە.

بەپێی ئەم ڕاگەیەندراوە، دوو جاشی بێزراو و ناوزڕاوی ئیتلاعاتی سپای تێرۆریستی پاسداران بە ناوەکانی "ئیبراهیم شێخی" و "دیاکۆ شێخی"، بە تاوانی هەوڵدان بۆ لەداوخستنی تێکۆشەرانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لەو ناوچەیەدا و هەروەها چەک هەڵگرتن بە مەبەستی بەرەنگاریی ڕاستەوخۆ لەگەڵ تێکۆشەرانی شار و شاخ، لە لایەن هەڵۆکانی زاگرۆس، پۆلی فەرەنگ، لە ناوچەی نەغەدە سزا دراون.

پێشتر هەڵۆکانی زاگرۆس، داوایان لەم دوو کەسە کردبوو کە واز لە خۆفرۆشی و سیخوڕیکردن بێنن و نەبنە هۆی ئازاری خەڵک، بەڵام ئەم هۆشداریدانە هیچ کاریگەرییەکی لەسەریان نەبووە، بۆیە هەڵۆکانی زاگرۆس بۆ جاری دووهەم بە دەسڕێژیی گولـله لە شوێنی ژیان و کارکردنیان، دیسان هەوڵی ئاگادارکردنەوەیان داون.

لەم ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "سکاڵای خەڵکی ناوچە و لاوانی ئۆگری بزووتنەوە لەو دووجاشە، هەڵۆکانی زاگرۆس ناچار دەکات کە بۆ جاری سێهەم و بە شێوەیەکی کاریگەر سزایان بدەن، هەر بۆیە پۆلێک هەڵۆ بۆ دارکاری ڕادەسپێردرێن. شەوی دووشەممە، ١٧ی پووشپەڕ، هەردووک جاش لە لایەن هەڵۆکانەوە دەستبەسەر دەکرێن  و بە دارکاریکردن سزا دەدرێن. هەردوو جاشی ناوبراو بەڵێنی دەدەن کە چی دیکە درێژە بە جاشایەتی نادەن؛ هەر بۆیە ئەمجارەش لە لایەن هەڵۆکانەوە دەرفەتی ژیانی ئاساییان پێدەدرێتەوە و پێیان ڕادەگەیەندرێت کە لە ئەگەری پێبەندنەبوون بە بەڵێنەکەیان، دواسزایان  گولـلەی گەرمی لوولەی چەکی ئاگرینی هەڵۆکانی زاگرۆسە. هەر ئەو شەوە پاش بەڵێنەکانیان هەر دوو ناوزڕاوی سپای تێرۆریستی پاسداران، لە نەغەدە کە لە ئاوایی گەرگوول نیشتەجێ بوون، ئازاد دەکرێن".