کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس لە مەهاباد عەمەلیاتێکیان ئەنجام دا

11:00 - 31 خاکەلێوه 2721

هەڵۆکانی زاگرۆس پۆلی "سوێناسی دێرین" لە مەهاباد جاشێکیان بە سزای کردەوەکانی خۆی گەیاند.

وێبلاگی هەڵۆکانی زاگرۆس لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە: "بەداخین کە ڕادەگەیەنین لە ماوەیەک لەمەوبەرەوە چەند کەسێکی نەفس نزمی خۆبەدەستەوەدەر گوێیان بۆ دەستوپێوەندییەکانی دەسەڵاتی خۆسەپێنی کۆماری ئیسڵامی شۆڕ کردووە و دژی تێکۆشەر و نیشتمانپەروەر و بەرژەوەندییەکانی بزووتنەوەی ڕەوای گەلەکەمان ڕیسی بەرماولێسی دەهۆننەوە و پاسی دەرک و بانی داگیرکەرانی مافی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەکەن".

لە درێژەدا هاتووە: "هەڵۆکانی زاگرۆس کە ڕێکخراوێکی  پارێزەری خەڵکی کوردستانە و خۆی بە پشتیوان و یارمەتیدەری بزووتنەوەی کوردستان دەزانێت، ئەرکی سەرشانی بوو کە ئەو خۆبەدەستەوەدەرانە لە ئاکارە دزێوەکەیان وریا بکاتەوە. سەرەڕای وریاکردنەوەی ناڕاستەوخۆ و ڕاستەوخۆ، ئەو چەند کەسە دەستیان لە کلکەسووتە بۆ ئاغاکانیان هەڵنەگرت، هەر بۆیە ناچار بووین وەک دوایین وشیارکردنەوە تووڕەیی هەڵۆکانی زاگرۆسیان بەگژدا بکەین".

 هەڵۆکانی زاگرۆس  پۆلی سوێناسی دێرین شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی خاکەلێوە سزای تاوانبارێکیان دا. لەو سزایەدا تاوانبار "محەممەد سوێناسی" کەوتە بەر پەلامارێک و دوایین هۆشداریی پێ درا.

لەو هۆشدارییەدا بەهۆی دەستڕێژێکی هەڵۆکانەوە ماشینی ناوبراو گولـلەئاژن کرا و نامەیەکی هەڵگری فیشەکی سزای بۆ خرایە ماڵەوە. 

هەڵۆکانی زاگرۆس هۆشدارییان داوە کە هەرچی زووتر ئەو تاوانبارانە بگەڕێنەوە باوەشی گەلە تینوو بە ئازادییەکەیان.