کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس لە ناوچەی "سندووس" هێرشیان کردە سەر مۆڵگەیەکی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران

11:07 - 5 پووشپەڕ 2722

هەڵۆکانی "زاگرۆس" پۆلی "فەرەنگ" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە کە لە ناوچەی "سندووس" هێرشیان کردووەتەوە سەر مۆڵگەیەکی سیخوڕیی ڕێژیمی ئێران.

بەپێی ڕاپۆرتی وێبلاگی "هەڵۆکانی زاگرۆس"، مۆڵگەیەکی سیخوڕی و سەرکوت کە هاوکات وەک بنکەیەکی خۆفرۆشیش بە ئەژمار دێت لە ناوچەی "نەغەدە" لە گوندی "دەربەند" کەوتە بەر ڕقی پیرۆزی تێکۆشەرانی نیشتمان و لەلایەن پۆلێک لە هەڵۆکانی زاگرۆسەوە درایە بەر دەسڕێژی گوللـەی تۆقێنەر.

ئەو وێبلاگە بڵاوی کردووەتەوە، "هەڵۆکانی زاگرۆس" شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی واتە ڕێکەوتی ٢ لەسەر ٣ی مانگی پووشپەڕی ١٤٠١ کە بەردەوام  جموجۆڵ و هەڵسوکەوتی چەکدار و بەکرێگیراوانی ڕێژیمی داگیرکەری نیشتمانەکەمانیان لەژێر چاوەدێریدایە، بە مەبەستی تەزاندن، مۆڵگەی گوندی "دەربەند"ی سەر بە شاری نەغەدە، بەتایبەتی سەنگەرەکانی چاوەدێریی سەر ئەو مۆڵگەیەیان ئاگرباران کرد.

ئەو وێبلاگە بڵاوی کردووەتەوە، کاتژمێر ١ و ٥ خولەکی شەوی پێنجشەممە لەسەر هەینی و بە تێبینییەوە و دوای تەواوبوونی نۆرە کێشیکی سەربازەکان و لە نۆرەی کادرەکانی ئەو مۆڵگە پەلامار درا. پێویستە بوترێت لە کاتی هەڵمەتی "هەڵۆکانی زاگرۆسـ"ـدا چەکدارانی مۆڵدراوی ئەو مۆڵگەیە، نە توانییان و نە وێرایان سەر لە کونەکانیان وەدەر نێن.

مۆڵگەی سیخوریی "کاوە" لە گوندی "دەربەند" هەنووکە و تەنانەت لە سەرەتای شۆڕشی گەلانی ئێرانەوە وەک مۆڵگەیەکی دڕی دژەکورد لەلایەن ڕێژیمەوە بۆ سەرکوت و زەبروزەنگ لەسەر خەڵکی کوردستان بەکار هێنراوە.

 "هەڵۆکانی زاگرۆس" ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری زەبروزەنگ و ئازاری خەڵکی ناوچەکە، پەلامار و هێرشی کاریگەرمان بۆ سەر مۆڵگە و دامەزراوە دژی‌گەلییەکانی ڕێژیم درێژەیان دەبێت.