کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس هێرشیان کردە سەر مۆڵگەیەکی ڕێژیمی ئێران

17:31 - 20 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: تیمێک لە هەڵۆکانی زاگرۆس لە شاری بانە مۆڵگەیەکی تاوانبارانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان وێران کرد. 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی بانەمەڕی ١٣٩٧ی هەتاوی، مۆڵگەیەکی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران لە لایەن پۆلێک لە هەڵۆکانی زاگرۆسەوە بە چەکی قورسی ئار.پی.جی هێرشی کرایە سەر.

هەڵۆکانی زاگرۆس ئەو عەمەلیاتەیان لە ئاربابای سەربەرز ئەنجام داوە بەڵام تا ئێستا لە ڕێژەی تەلەفاتی گیانی و ماددی هێزەکانی ڕێژیمی ئێران هیچ ئامارێک لەبەر دەستدا نییه.

لە ڕاگەیەندراوی هەڵۆکانی زاگرۆسدا هاتووە:" پۆلی ئاربابا شەوی ڕابردوو لەگەڵ یەکەم چرکەکانی پێنجشەممە٢٠ی بانەمەڕ زراوی مۆڵگەی جاشە ئاڵقەلەگوێیەکانی سپای سەرکوتی کۆماری ئیسلامییان لە ناوچەی ئاربابای شاری بانە تەقاند . مۆڵگەی زەرواوی دوژمنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان لە زەرواوی سەرێ ماوەیەکی دوور و درێژە لە لایەن سپای پارێزەری دەوڵەتی تارانەوە لەو ناوچەیە وەک دمەڵی بۆگەنیو بە جەستەی جوان و ڕازاوەی ناوچەی بانەوە چاوی خەڵکی ناوچەکە ئازار دەدا .بەکرێگیراوانی ئەو مۆڵگەیە بوونەتە داردەستی هێزە سەکوتکەرەکانی سپا و بەردەوام بە تاڵان و بڕینی خەڵکی خەباتکار و هەژار و کاسبکاری ناوچەکە بە نرخی کاسەلێسی و بەرماوخۆری شکۆی خەڵکی ناوچەکە دەژاکێنن."

بەپێی دوایین زانیارییەکانی بڵاوکراوە لەلایەن هەڵۆکانی زاگرۆسەوە لە ئەنجامی ئەم هێرشە بۆ سەر مۆڵگەی رێژیم لە زەرواوی سەرێ، جێگری فەرماندەی مۆڵگەکە و ژمارەیەکی دیکە لە دژی گەلییەکانی جێگیر لەو ناوچەیە برینداربوونە. هەر بە پێی دوایین زانیاریەکان، بەشێک لە مۆڵگەکە بە سەر بەکرێگیراواندا رووخاوە.

هەڵۆکانی زاگرۆس هێزی چەکداری چالاکی خۆیان بە پاڵپشتیی بزووتنەوەی ڕەوای خەڵکی کوردستان دەزانن و پشتیوانی خەڵکی هەژار و زەحمەتکێشی کاسبکار دەکەن و ڕایانگەیاندووە: ناهێڵین تاوانی سەرکوت و تاڵان و ڕاوەڕوت لە کوردستان لە لایەن هێزە داگیرکەرەکانی کوردستان بێ وڵام بمێنێتەوە.