کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەڵۆکانی زاگرۆس وڵامی تۆپبارانەکانی ڕێژیمی ئێرانیان دایەوە

20:02 - 22 بانەمەڕ 2722

"هەڵۆکانی زاگرۆس" لە وڵامی تۆپبارانی بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە نزیک شاری میاندواو هێرشیان کردە سەر مۆڵگەی "بەردەڕەشان".

دەقی ڕاگەیەندراوی هەڵۆکانی زاگرۆس لەبارەی ئەو عەمەلیاتە کە لە وێبلاگی خۆیاندا بڵاویان کردووەتەوە بەم چەشنەیە:

دژکردەوەی هەڵۆکانی زاگرۆس بەرامبەر تاوانی تۆپبارانی ناوچە سنوورییەکان

ڕاگەیاندراوی هەڵۆکانی زاگرۆس میاندواو_ پۆلی سەوزەپۆش

 خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

 تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی گەلانی ئێران

هەر وەک ئاگادارن سەرلەبەیانیی ڕۆژی ڕابردوو ٢١ی بانەمەڕ دەمڕاستە چەواشەکارەکانی هێزی زەوینیی سپای تێرۆریستیی کۆماری ئیسلامی هەواڵی پەلاماری مووشەکی و تۆپخانەیییان بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایانگەیاند کە خەسارێکی زۆریان لە بارەگاکانداوە و زیانێکی گیانی زۆر وەبەر هێزی پێشمەرگە کەوتووە.

ڕادەگەیەنین کە بە گوێرەی زانیارییەکانی هەڵۆکانی زاگرۆس، ئەم جۆرە پەلامارانەی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر سنوورەکانی هەر دووک شاری شنۆ و پیرانشار، وەک نەریتێکی دژی گەلییانەی ئەم ڕێژیمە ساڵانێکی دوور و درێژە لە وەرزی کوێستانچوونی خەڵکی ئەو ناوچانەدا لە هەر دوو دیوی ڕۆژھەڵات و باشووری نیشتمانەکەماندا درێژەی هەیە.

بەڵام لە ڕوانگەی هەڕەشەکانیانەوە هەڵوێستمان ڕوونە و خۆمان بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان دەزانین کە هێزی پێشمەرگە نوێنگەیەتی.

 هەر بۆیە شەوی ٢١ لەسەر ٢٢ی بانەمەڕ لە دژکردەوەیەکماندا بۆ ڕوانگە و جموجۆلی ڕێژیم و چەکدارە دژی گەلییەکانی، هەڵمەتێکی مووشەکیی وریاکەرەوەمان لەنێو دڵی بەناو "ئیقتیدار"یاندا و لە چەند کیلۆمیتریی شاری میاندواو کردە سەر مۆڵگەی سەرکوتیان لە نزیک ئاوایی بەردەڕەشان.

 لەم هەڵمەتەماندا ئامانجمان ڕاگەیاندنی ئامادەیی هەڵۆکانی زاگرۆس بوو کە دەست و مەچەکمان پڕ چەکە و بە پانتایی کوردستان باڵمان کراوەیە و لە هیچ شوێنێکی ئەم نیشتمانە دا هێزی داگیر کەر پارێزراو نابن.

 دەقی هەواڵ؛ دوابەدوای هێرشی چەکدارەکانی ڕێژیم بۆ سەر کوێستانەکانی سنووری پیرانشار و شنۆ لەبەری باشووری کوردستان و ڕاگەیاندنی چەواشەکارانەی فەرماندەیی ئەو هێزانە، هەڵۆکانی زاگرۆس بڕیاریاندا لە پارێزگای ورمێ دژکردەوەیەکی لە ئاستی ئەو پەڵامارانەدا بنوێنن وڵامی پێویستیان بدەنەوە.

هەربۆیە لە کۆتایی ئەو ڕێکەوتەدا لەنێو جەرگەی هێزەکانی دوژمندا و لە نزیک شاری میاندواو بە مووشەکی ئار.پی.جی پەلاماری مۆلگەی بەردەڕەشان درا.

چەکداری مۆڵگەکە پاش ئەو پەلامارە، کوێرانە بە چەکی دوورهاوێژ ناوچەکەیان گولـلەباران کرد.

 هەڵۆکانی زاگرۆس هەروا لەنگەریان لەسەر پشتی داگیرکرانە و لەهەر ئەگەرێک هێزی داگیرکەری کۆماری ئیسلامی بەرپرسیار دەزانێ.

 سەرکەوێ بزووتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی

هەڵۆکانی زاگرۆس پۆلی سەوزەپۆش