کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حوسییەکان بۆ وەرگرتنی چەک‌وچۆڵ سەردانی ڕێژیمی ئێرانی کرد

15:49 - 15 رەزبەر 2715

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حوسییەکانی یەمەن لەژێر ناوی کۆمیسیۆنی باڵای ئینقلابی بۆ وەرگرتنی چەک‌وچوڵ سەردانی ڕێژیمی ئێرانیان کرد.

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ١٤ی ڕەزبەری ١٣٩٤ی هەتاوی، هەیئەتێکی سەر بە میلیشا حوسییەکانی یەمەن، بۆ وەرگرتنی چەک و پشتیوانیی ماڵیی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران سەردانی ئەو وڵاتەیان کردووە و هەنووکە ئەو هەیئەتە لە تارانن.

هەیئەتی حوسییەکان لەو دیدارەدا لەگەڵ بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران بەتایبەت فەرماندەکانی سپای پاسداران لەسەر بەهێزکردنی حوسییەکان و ناردنی کارناسانی نیزامی و یارمەتیدانیان بە چەک‌وچۆڵ وتووێژ دەکات.

ئەو هەیئەتە لەگەڵ ژمارەیەک لە ڕێبەرانی دیکەی حوسییەکان بە سەرۆکایەتی نایف ئەلقانێس سەردانی ئێرانیان کردووە و لەسەر داواکاریی عەبدولمالک ئەلحوسی ڕێبەری حوسییەکان بۆ وەرگرتنی چەک جەختیان کردووەتەوە.

پاش بە دەسەڵات گەیشتنی عەبد ڕەبە مەنسوور هادی سەرکۆماری نوێی یەمەن، ڕێژیمی ئێران بە شێوە جۆراوجۆرەکان لە ڕێگەی گرووپە میلیشیاکان و پشتیوانی لەو گرووپانە لە هەوڵی دەستێوەردان لە کاروباری ئەو وڵاتەدا بووه.

لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا، دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە چوارچێوەی یارمەتی بە شێوەی چەک‌وچۆڵ، ئابووری، ڕاهێنانی نیزامیی ئەندامانی گرووپە میلیشیاکان و هەروەها زیادکردنی باندە سیخوڕییەکان لە وڵاتانی ناوچەکەدا بەڕوونی بەرچاو دەکەوێت.

حوسییەکانی یەمەن ئەو گرووپە توندڕەوانەن کە ماوەیەکە سەنعایان داگیر کردووە و ڕێژیمی ئێران بە شێوەی ئاشکرا پشتیوانییان لێ دەکات و ئێستا بەرەو ناوچە سوننی‌نشینەکان پێشڕەوی دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٤ی زایینی خۆیدا، ڕایگەیاندبوو کە لە ساڵی ٢٠١٣ی زایینیدا، پشتیوانی لە تیرۆریزم بە شێوەیەکی کەم وێنە نیسبەت بە ٢٠ ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە.

جاش ئێرنێست پێشتر لە کۆنفرانسێکی خەبەریدا ڕایگەیاندبوو: ئابووریی ئێران بە هۆی گەمارۆ ئابوورییەکانەوە زۆر لاواز بووە، بەڵام نیشانەیەک لە کەمبوونەوەی پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە تیرۆریزم بەتایبەتی پشتیوانیی ماڵی نابیندرێت.

هەروەها ناوبراو ئاماژەی بە دەستێوەردان و ڕۆڵی ڕێژیمی ئێران لە شەڕی یەمەن و پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە حوسییەکان کرد و جەختی کرد کە شەڕی یەمەن دەتوانێت ببێت بە شەڕێکی بەربڵاو لە ناوچەدا.

شورای هاوکاریی کەنداو لەکۆتایی ١٣٦ـەمین کۆبوونەوەی وەزیرانی کاروباری دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی شورای هاوکاریی کەنداو کە لە وڵاتی عەرەبستانی سعوودی بەڕێوەچوو، سەبارەت بە هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ نانەوەی ئاژاوە و شەڕ لەناوچەکەدا، هۆشداریی جیدیان بەو ڕێژیمە دا.
ڕێژیمی ئێران هەتا ئێستا چەندین جار لە ڕێگای دەریاوە چەک‌وچۆڵی گەیاندۆتە دەستی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن حیزبوڵڵاوە ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.

حوسییەکان لەلایەن رێژیمی ئێرانەوە پارەیان پێ‏دەدرێت و هەروەها ڕاهێنان و مەشقی نیزامییان پێ دەکرێت و یارمەتییە ماڵییەکانی ڕێژیمی ئێران بەو گرووپە لە ڕێگای حیزبوڵڵای لوبنانەوە دەستاودەست دەکرێت.

بەرپرسێکی پایەبەرزی ڕێژیمی ئێران پێشتر لەو بارەیەوە ڕایگەیاندبوو کە سوپای قودس - لقی دەرەوەی سنوورەکانی سوپای پاسداران -، سەدان هێزی لە یەمەن هەیە کە ڕاهێنان بە حوسییەکانی یەمەن دەکەن و هەروەها نزیک بە ١٠ ڕاوێژکاری نیزامیی ئێرانی لە یەمەن، یارمەتی ماڵیی و نیزامی بەو گرووپە دەدەن.

ساڵی ٢٠١٣ی زایینی پاپۆڕێکی ڕێژیمی ئێران کە هەڵگری چەک و تەقەمەنیی وەک مووشەکی کاتیۆشا ئێم ١٢٢، مووشەکی دوورهاوێژ، هاوەنی مووشەکی، دووربینی شەو، دروست کراوی ئیرانۆ و ٢ تەن کەرەستە‏ی تەقینەوە بوو، لەلایەن وڵاتی یەمەنەوە دەستی بەسەردا گیرا.

حكوومەتی یەمەن بە بەردەوامی ڕێژیمی ئێرانی بەپشتیوانی لە شێعەكانی ئەو وڵاتە و نانەوەی ئاژاوە تاوانبار كردووە و هەتا ئێستاش چەندین سیخوڕی سپای پاسداران لەو وڵاتە دەستبەسەر كراون.