کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات بەشداریی لە کۆنگرەی ڕێکخراوی یاری کورد کرد

17:09 - 16 گەلاوێژ 2716

کوردستان میدیا: لە کۆنگرەی ڕێکخراوی یاری کورد، عەلی ئەشرەف‌مورادی بە نوێنەرایەتی لە لایەن حیزبەوە، ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران خستە بەرباس.

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی١٠ی گەلاوێژی ١٣٩٥ی هەتاوی، لەسەر بانگهێشتنی فەرمیی ڕێکخراوی یاری کورد، هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە کۆنگرەی ڕێکخراوی یاری کورد، لە شاری هۆنەفۆس لە وڵاتی نۆروێژ بەشداری کرد.

لەو کۆنگرەیەدا، عەلی ئەشرەف‌مورادی، ئەندامی ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات، کە سەرپەرستی هەیئەتی نوێنەرایەتی حیزبی دەکرد، بە نوینەرایەتی لە لایەن حیزبەوە وتارێکی پێشکەش بە کۆنگرەی یاری کورد کرد.

لەو وتارەدا وێڕای ئەوەی کە ڕوانگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەبارەت بە قۆناغی ئێستای بزووتنەوەی میللی دێموکراتیکی گەلی کورد لە کوردستانی ئیران خرابوونە بەرباس، شوێن و پێگەی ڕێکخراوە سیاسی و فەرهەنگیەکانی کۆمه‌ڵگای یارسانیش، وەک سەنگەرێکی گەورەی خەباتی نەتەوەکەمان بۆ ئازادی و دێموکراسی و مافە سیاسی وفەرهەنگی و کولتوریەکان، بەرز نرخێنرابوو.

جگەلەوە لە پەیامی حیزبی دێموکراتدا تەکید لە سەر ئەوە کرایەوە‌ کە یارسانیەکان خۆیان و ڕێکخراوە سیاسی و فەرهەنگی و کولتوریەکانیان بەشێک لە بزووتنەوەی میللی دێموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی دێموکراسیخوازی سەرتاسەریی ئیرانن و هەربۆیەش هەمیشە دەتوانن لەسەر یارمەتی و پشتیوانی سیاسی و مەعنەوی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران حیساب بکەن.