کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات، سەردانی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپای کرد

17:51 - 20 پووشپەڕ 2719

کوردستان میدیا: لە درێژەی کار و چالاکییەکانی تایبەت بە یادی ٣٠ ساڵەی تێرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ھەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرشتیی "مستەفا ھیجری"، سەردانی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپای کرد.

ڕۆژی سێشەممە، ١٨ی پووشپەڕ بەرابەر لەگەڵ ٩ی جولای ٢٠١٩ی زایینی، ھەر لە چوارچێوەی کار و چالاکییەکانی تایبەت بە یادی ٣٠ ساڵەی تیرۆری دوکتور قاسملوو و هاوڕێیانی، ھەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە سەرپەرشتیی "مستەفا ھیجری"، لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات، سەردانی پارلمانی یەکیەتیی ئورووپای کرد.

ھەیئەتەکە بە یاوەریی "ڕالف بانچێس"، سەرۆکی ڕێکخراوی UNPO و ئەندامانی دیکەی دەستەی سکرتاریای ڕێکخراوەکە، لە لایەن ھەیئەتێک لە ئەندامانی یەکیەتیی ئورووپا بە سەرپەرشتیی "ژولی وارد"، ئەندامی پارلمانی یەکیەتیی ئەورووپا لە فراكسیۆنی "سوسیال دێموكرات"، بە گەرمی پێشوازیی لێکرا.

سەرەتای دیدارەکە بریتی بوو لە پێشکەشکردنی کورتەیەک لەبارەی مێژووی خەباتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لایەن "عەلی عەبدیلزادە"، ئەندامی ھەیئەتی حیزبی دێموکرات.

پاشان "مستەفا ھیجری"، کورتەباسێکی لەبارەی مێژووی خەباتی کورد لە کوردستانی ئێران پێشکەش کرد.

"مستەفا ھیجری"، باسی سەرکوتکردنی نەتەوەی کوردی کرد لە لایەن دەستەڵاتە جیاوازەکانی حاکم لە درێژایی مێژوو لە ئێراندا و بەتایبەتی لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا و وتی: "گەلی کورد لە وڵامی داخوازییە سەرەتاییە مافە مرۆیی و نەتەوەییەکانیدا، لە لایەن ڕێژیمی ئیسلامیی ئێرانەوە بە دڕندانەترین شێوە سەرکوت دەکرێت، تێرۆر دەکرێت و لە زیندانەکان دەخرێت".

لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکرات ئاماژەی بەوە دا كە هەوڵەكانی وڵاتانی ئورووپایی بو گۆڕینی هەڵسوكەوتی كۆماری ئێسلامی بێئاكام بوون و لە ئەساسدا ئەو ڕێژیمە ئیمكانی گۆڕانی ئەرێنیی تێدا بەدی ناكرێت.

دواتر چەند پرسیارێكی پارلمانتارەكان لە لایەن لێپرسراوی گشتیی حیزبەوە وڵام درانەوە.

لە بەشێكی دیكەی دانیشتنەكەدا، دوکتور "ئێدریس ئەحمەدی"، باسێكی ئاكادێمیكی سەبارەت بە ڕەوشی ئێران و ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست پێشكەش كرد.

لە بەشی كۆتایی دانیشتنەكەدا، "تەیموور ئەلیاسی"، سەرۆكی ڕێكخراوی مافی مروڤی كوردستان، كۆمەڵێک فاكتی سەبارەت بە پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ لە كوردستان و ئێران بەگشتیی خستە بەر دیدی بەشداران.