کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هەیئەتێکی حیزبی دێموکرات لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریە بەشداری کرد

17:11 - 14 پووشپەڕ 2716

کوردستان میدیا: هەیئەتێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە لە یادی ٥٩ـه‌مین ساڵڕۆژی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریە بەشداری کرد.

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٢ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە لایەن کۆمیتەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش هەیئەتێک لە شاری ڤییەن بەشداری لە یادی ٥٩ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سوریە کرد.

لەم یادەدا بەشێک لە حیزبە کوردستانیەکان و ژمارەیەکی بەرچاو لە کوردی هەمو بەشەکانی کوردستان بەشدار بوون.

بەڕێوەبەری مەڕاسمەکە، پاش بەخێرهێنانی میوانان و ڕێکخراوە کوردستانیەکان زۆر بە حەماسەتەوە باسی دەسپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد و ڕێزی لە خەباتی بوێرانەی پێشمەرگە گیان لە سەر دەستەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گرت و سەرەڕای سەرەخۆشی بە بۆنەی پێشمەرگە شەهیدەکانەوە هەڕەشەکانی ئەم دواییانەی کۆماری ئیسلامیی ئیرانی بە توندی شەرمەزار کرد.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وڵاتی ئۆتریش ئەم هەڵویستە نیشتمانپەروەرانە و بوێرانەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سوریە بەرز نرخاند و دڵنیایان کردنەوە کە ئەم شێوە هەڵویست گرتنە لە بەرانبەر ملهوڕی دوژمنانی گەلەکەماندا شۆڕشی کورد بەهێز دەکات و لەمپەرێکی بە هێز دەبێت لە بەرانبەر سەرەڕۆیی دوژمناندا.

پاشان دلاوەر هەنارە بە ناوی کۆمیتە ی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە لە ئۆتریش پیرۆزبایی یادی ٥٩ ساڵەی دامەزرانی پارتی دێموکراتی کوردستانی لە سووریە لە هەموو ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە کرد و داوای سەرکەوتن بۆ خەباتی کوردستانی ڕۆژئاوا کرد.

کۆمیتەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ئوتریش جارێکیتر سپاسی هەستی شۆڕشگێڕانەی پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریەی بۆ پێشمەرگەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و دەربڕینی هاودەردییان بە بۆنەی پێشمەرگە شەهیدەکانەوە کرد و سەرکەوتنی بۆ حیزب و شۆڕشەکەیان بە ئاوات خواست.

دواتر وتاریک لە لایەن نوێنەری پارتی دێموکراتی کوردستان لە سووریە لە سەر مێژووی پارتەکەیان و ئاڵوگۆڕەکانی کوردستانی ڕۆژئاوا و چۆنیەتی هەڵسوکەوتی دەسەڵات بەدەستان لە گەڵ هاووڵاتیانی کورد پێشکەش کرا.

ڕێوڕەسمەکە بە بەشداری هونەرمەندان سەعید یوسف، حکەمت حاجی و شاهیبان عەفرین و شادی و هەڵپەڕکێی بەشداران کۆتایی پێهات.